مەودا میدیا-
بەڕێوبەری سەنتەری تالاسیمیا لە پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد نەخۆشی تالاسیمیا نەخۆشییەكی بۆماوەییە و تەنها لەناو ئەو كەسانەدا هەیە كە هەڵگری نەخۆشیەكەیان تێدایە و خۆشبەختانە تۆماركردنی حاڵەتەکانی تالاسیمیا لە پارێزگای سلێمانی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.
د.لوقمان خالید، بەڕێوبەری سەنتەری تالاسیمیا لە سلێمانی رایگەیاند “هۆكار بۆ تووشبون بەم نەخۆشییە بۆماوەییە و كاتێك روودەدات دوو كەس هەڵگری تالاسیمیا بن و هاوسەرگیریی بكەن، لەكاتی هەموو دووگیانبوونێكی دایكەكە لە 25%ئەگەری هەیە منداڵەكە تووشی تالاسیمای قورس بێت و لە 50% ئەگەری هێشتنەوە یان هەڵگری نەخۆشیەكەی تێدا دەبێت، هەندێكجار ئەگەر هەیە لە 25% كەسەكە هەڵگری نەخۆشیەكە نەبێت و كەسێكی ئاسایی بێت”.
ئاماژەی بۆئەوەشکرد “رێككاریی خۆپاراستن لە نەخۆشی تالاسیمیا زۆر ئاسانە ئەویش ئەوەیە هاوسەرگیریی لەنێوان دوو كەسی تووشبووی نەخۆشیەكە روونەدات كە هەردووكیان هەڵگریی نەخۆشیەكە بن، ساڵانە حاڵەتێك یان دوو حاڵەتی تالاسیمیا تۆمار دەكرێت و خۆشبەختانە نەخۆشیەكە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت و ئەوە ئەنجامێكی ئەرێنی و دڵخۆشككەرە.
ئەوەشی خستەڕوو “لە سلێمانی و دەوروبەری زیاتر لە 1300 تووشبووی تالاسیمیا تۆماركراون كە سەردانی سەنتەرەكەیان دەكەن و ساڵ بە ساڵ خۆشبەختانە رێژەی تووشبوون لە كەمبوونەوەدایە و ئەوە دەگەرێتەوە بۆ پشكنینی پێشووەختەی نەخۆشیەكە پێش هاوسەرگیریی، كلینكێكی تایبەتیان هەیە بۆ ئەو كەسانەی خوازیاری هاوسەرگیرین و هەڵگری نەخۆشییەكەن و ئەگەری خستنەوەی نەوەیان هەیە هەڵگری تالاسیما بن، ئەوان رێنمایی تایبەتیان پێ رادەگەیەنن و رێككارە تەندروستییەكانیان بۆ رووندەكەنەوە كە چۆن بتوانن خۆپارێزیی بكەن لە نەخۆشیەكە و تەواو رێگربن نەوەیەكی تووشبووی بە تالاسیمایان نەبێت”.
باسی لەوەشکرد “ئەنجامدانی پشكنینی پێش لە دایكبوونی كۆرپەلە بۆ ئەو كەسانەی هاوسەرگیرییان كردووە و هەڵگری تالاسیمیان یان منداڵێكی تووشبوویان هەیە، ئەوانە هەمووی هۆكاربوون بۆ كەمكردنەوەی تووشبوانی تالاسیما، خۆشبەختانە توانیویانە ژمارەی تووشبوان زۆر كەمبكەنەوە، تووشبووانی تالاسیمیا توانای دروستكردنی خوێنیان نابێت، بۆیە پێویستە مانگانە بەردەوام جارێك یان دووجار خوێن وەربگرن، بەڵام چارەسەری بنبڕكەر بریتییە لە چاندنی مۆخی ئێسك ، بەڵام چاندنی مۆخی ئێسك گرفتێكە و هەموو نەخۆشێك بەخشەرێكی نییە تا مۆخەكەی پێببەخشێت كە پێویستە خوشك یان برای بێت و لەڕووی پشكنینی هاوگونجانی شانەییەوە گونجاو بێت لەگەڵ نەخۆشەكە”.
وتیشی “ژمارەیەكی زۆر لەو نەخۆشانەی بەخشەریان هەبووە و چاندنی مۆخیان بۆ ئەنجام دراوە لە نەخۆشخانەی شەهید شاسوار لە سلێمانی یان لە دەرەوەی وڵات خۆشبەختانە ئاستی سەركەوتنی چاندنی مۆخ زۆر سەركەوتوو بووە و ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆشەكان توانراوە چارەسەری كۆتاییان بۆ بكرێت، ئەگەر تووشبووانی تالاسیما چارەسەری یەكجاری نەكەن ئەوا پێویست دەكات بەردەوام خوێن وەربگرن و لەگەڵ خوێن وەرگرتنەكەدا چارەسەری دژەئاسن وەربگرن كە ئەمانە هەمووی لەناو سەنتەرەكەیان بەردەستە، بەم دوو شێوازە توشبوویەكی تالاسیمیا دەتوانێت جیاوازی لەگەڵ كەسێكی ئاسایی نەبێت بە مەرجێك خوێن بە باشی وەربگرێت”.
ب ح