پەروەردە وەک بنەمای گۆڕانکارییە گرنگەکانی کۆمەڵگە

شەهێن نوری

پەروەردە پرۆسەی فێرکردن و خستنە سەر رێگەی ژیانی هەر مرۆڤێکە لە قۆناغێکی زۆر سەرەتایی ژیانەوە و تاکۆتایی تەمەنیش فێربوون بەشێوەی جیاواز درێژەی دەبێت، هەڵبەت بەپێی ناوچە، ژینگە و کولتوور و ئاستی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک پەروەردە و سیستم و شێواز و بنەماکانی دەگۆڕێن.

پەروەردە گرنگترین بنەمایە لەناو بنەماکانی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و شارستانیەت لە وڵاتدا، جا خوودی بەڕێوەبردن و هۆکارە فێرکارییەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە لەو بەرەوپێشچوونەدا، بەڵام هەر کۆمەڵگەیەک بەشێوازی خۆی و ئەمەیش وایکردووە کۆمەڵگەیەک پێشکەوتوتربێت لە کۆمەڵگەیەکی تر لەڕووی فکری و جێبەجێکردنی کاروباری رۆژانەی.

خۆ ئەگەر بەشێوەیەکی روونتر باسیبکەم، ئەوا پێموایە بەگشتی دەتوانین بیکەین بەدوو لقی سەرەکی کە بریتییە لە: فێرخواز و فێرکردن کە مەبەست لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنە. هەروەها ئەگەر فێرخواز و فێرکردنیش بۆ سێ لقی هاوتەریب جیابکەینەوە ئەوا بریتین لە: فێرخواز (منداڵ و بەخێوکەر)، (خوێندکار و مامۆستا ) و (منداڵ و هاوڕێ). دیارە مەبەست لە هاوتەریبییەیش ئەوەیە کەوا هەر سێکیان تەواوکەری یەکترن.

دەتوانم ئەمە بە نموونەیەک روونبکەمەوە: ئەگەر منداڵ لە ماڵەوە سەرەتایەکی پەروەردەی باشی لەلایەن بەخێوکەرەکەیەوە بۆ دانەنرێت، ئەوا مامۆستا ناتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا کاریگەرییەکی زۆری ئەرێنی لەسەر خوێندکارەکە دروستبکات، چونکە ئەرکی سەرەکیی دایک و باوکانە بۆ خۆیان هەندێک رەوشتی پەروەردەیی هەیە لە ماڵەوە و پێش چوونە خوێندنگە فێری منداڵەکانیان بکەن لە وێنەی رێزگرتن، پاکوخاوێنی، گوێڕایەڵی مامۆستا و پەیوەستبوون بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانەوە.

هەندێکجار لە ماڵەوە منداڵ فێری ئەوانە کراوە، بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوە لە کەسێک کە

گرفت لە پەروەردەکردنیدا هەیە، ئەوا وردە وردە پێی کاریگەر دەبێت و دەچێتە سەر هەمان لایەنە نەرێنییەکانی هاوڕێکەی.

لەبارەی ئەرکە پەروەردەییەکانی خوێندنگەوە روونە کەوا یەکجار زۆر گرنگن، بەڕێوەبەر و مامۆستایان و مامۆستای رێنماییکار دەتوانن کاری جدی بکەن بۆ ئەوەی کەسێتیی خوێندکار بەرەو ئاراستەیەکی ئەرێنی ببەن، بەو پێیەی توێژەری کۆمەڵایەتی بەهۆی ئەزموون و شارەزاییەکەیەوە دەبێتە هۆکارێکی گرنگ و کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتەکانی خوێندکار دروستدەکات.

لەبەرئەوەی دروستکردنی کەسێتیی خوێندکار زۆر گرنگە، بۆیە هاوکاتی ژینگەی خوێندنگە و مامەڵەی مامۆستایان، ژینگەی دەرەوەی خوێندنگەیش گرنگە، لەمڕووەوە رۆڵی دایکان و باوکان زۆر گرنگە بەوەی هاوکاری منداڵەکانیان بن و نەهێڵن منداڵەکانیان هاوڕێتی کەسانێک بکەن کەوا خاوەن پەروەردەیەکی دروست نین یان چاودێیری بکرێن بەشێوەیەک خراپ ئامێرە زیرەکەکان بەکارنەهێنن و نەهێڵن سوود لە سیستمی ئینتەرنێتی بێ سانسۆر وەربگرن.

ئێستا روونبووەوە ئەرکەکان تەواکەری یەکترن: دایک و باوک لە ماڵەوە و ژینگەی دەرەوەی ماڵ و خوێندنگە بەرپرسی یەکەمن، دەستەی کارگێڕی، مامۆستایان و توێژەری کۆمەڵایەتی بەهەمان شێوە کارەکتەری سەرەکیی پەروەردە و فێرکردنن بەتایبەت لە سەردەمی نوێدا کەوا رێگەی زۆر باش و جیاواز هەن بۆ پەروەردە و فێرکردنی تەندروست، هەروەها ئەرکی حکومەتیش گرنگە بەوەی دەرفەتی باش بۆ خێزان و خوێندنگەکان بڕەخسێنێ نەوەی نوێ بە باشی پەروەردە بکرێن، چونکە داهاتووی نەتەوە و نیشتمان لە دەستی منداڵانی ئێستا و رێبەرانی داهاتوودایە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان