مەودا میدیا-
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد کورد بە یەک وتاری یەکگرتووەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سوریادا دەکات، گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە و داوای چەسپاندنی زمانی کوردی لە دەستووری سوریادا دەکەن.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند “تائێستا پرسی ژمارە و یەکگرتنی هێزەکان لە پێکهاتە سەربازییەکان و هێزەکانی ناوخۆدا ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حکومەتی کاتیی دیمەشق هەیە و بەڵێنیداوە هیچ کەسێک لە عەفرین دەستگیر نەکرێت، لە ئێستادا کاری لەپێشینەی هەسەدە گەڕانەوەی موڵک و ماڵە تاڵانکراوەکان، ئاساییکردنەوەی ژیان لەسنووری عەفرین و ناردنی نوێنەر بۆ سەرێکانی و گرێ سپییە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان”.
ئەوەشی خستەڕوو “دانانی تابلۆی کۆشکی داد بە زمانی عەرەبی تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی و بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە قبوڵ کردووە، چونکە حکومەت ئەو شوێنە بە دامەزراوەیەکی سەروەریی دەزانێت، بەڵام لە ناوچەکانی تر زمانەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و لێکتێگەیشتن هەیە کە هیچ فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەریی خۆسەر دوور نەخرێنەوە”.
باسی لەوەشکرد “رێککەوتنی سەرەتایی بۆ دانپێدانان بە بڕوانامەکانی ئامادەیی و ناوەندیی بەڕێوەبەریی خۆسەر بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو کراوە و هەوڵەکان بۆ دانپێدانان بە بڕوانامەی زانکۆکانیش بەردەوامە”.
ب ح