مەودا میدیا-
تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ئاشکرایکرد وڵاتانی ئەوروپابۆ وەرگرتنی مۆڵەتی تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان لە گەرووی هورمز دانووستانیان لەگەڵ تاران دەستپێکردووە.
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند “تاران میکانیزمێکی پیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز ئامادە کردووە و بەمنزیکانە ئاشکرای دەکات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەپێی پلانەکە تەنها رێگە بە هاتوچۆی ئەو کەشتییە بازرگانی و وڵاتانە دەدرێت کە هاوکاریی ئێران دەکەن سوودمەند دەبن و باجی پێویست بۆ خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکان کۆدەکرێتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو ” گەرووی هورمز بە داخراوی بەڕووی ئەو لایەنانەی کە بەشداربوون لە دەستدرێژیی و هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەمێنێتەوە و رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان نادرێت”.
لای خۆیەوە سوپای پاسداران رایگەیاند “رۆژانی رابردوو بە تایبەت دوای رێککەوتن لەسەر پڕۆتۆکۆلی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز، رێگە بە تێپەڕبوونی دەیان کەشتیی چینی دراوە”.
ب ح