مەودا میدیا-
سەرەڕای نیگەرانییەکانی هاوڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ دەستەكانی هەڵبژاردن كە پێشتر پێکهێنراون، له شارەکانی حەسەکه، قامیشلۆ و کۆبانی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلی سوریا هەڵدەبژێرن.
لیژنەکە هۆڵی کۆبوونەوەکانی لە بینای پارێزگای حەسەکەی وەک ناوەندی دەنگدان بۆ بازنەی هەڵبژاردنی حەسەکە دیاریکردووە و ناوەندی رۆشنبیریی کۆن لە تەنیشت سەندیکای ئەندازیاران، وەک ناوەندی دەنگدان بۆ بازنەی هەڵبژاردنی قامیشلۆ لە پارێزگای حەسەکە دەستنیشانکراوە.
هەروەها لیژنەکە ناوەندی رۆشنبیریی شاری کۆبانێی کە لەرووی ئیدارییەوە سەربە پارێزگای حەڵەبە، وەک ناوەندی دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی گەل بۆ بازنەی هەڵبژاردنی کۆبانێ دیاریکردووە.
بڕیارە لە کۆی 15 ئەندام لە پارێزگای حەسەکە، نۆ ئەندام هەڵبژێردرێن، جۆلانیش پێنج ئەندام هەڵدەبژێرێت، پێشتریش ئەندامێکی نوێنەرایەتی شاری سەرێكانی هەڵبژێردرا، لە شاری کۆبانیش دوو کاندید هەڵدەبژێردرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر 24 هێز و لایەنە کوردی ناڕەزایی خۆیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان دەربڕی و ئەو کارەیان بە هەوڵدان بۆ دووبارە سیاسەتی پەراوێزخستنی کورد ناوبرد لە رێگەی میکانیزمی پێکهێنانی ئەنجومەنی گەلی سوریاوە.
لایەنە کوردییەکان رایانگەیاندبوو “سنوردارکردنی نوێنەرایەتی کورد لە پارێزگاری حەسەکە تەنها بە چوار کورسی پشتكردنە راستی دیمۆگرافی و سیاسییە و رێگە خۆش دەکات بۆ چەسپاندنی پەراوێزخستن لەناو دامەزراوەکانی سوریا”.
ب ح