سۆزان حەمەتاتە
لە هەر یەکێک لە پارچەکانی کوردستانی گەورەدا، دەیان گۆڕ، یەک یەک و بە کۆمەڵیش، تەرمی پیرۆزی کوردانی شەرەفمەندیان تێدا ونکراوە، دوای ئازاردانێکی زۆر، ئەشکەنجەدانی وەها کە لە مێژوودا کەم بوونی هەبووە، ئەو کوردانە، ژن و پیاو، پیر و منداڵ، نەخۆش و ساغڵەم، شەهیدکراون و دواتریش بەشێوەیەکی سیستماتیک خۆڵیان بەسەردا کراوە، دواترینیان جینۆسایدی کوردانی باشووری کوردستان بوو لە ساڵی ١٩٨٨ کە تیایدا ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێ تاوانی کورد زیندە بەچاڵ کران.
هەڵە یەک لە دوای یەکەکانی رژێمی سەدام حسێن و هەموو ئەو تاوانە گەورانەی کردنی، لە سەروویشیانەوە دژ کەوتنەوەی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، وایانکرد ئەو رژێمە سەرەتاکانی کۆتایی دەربکەوێت و بووە دەرفەتیش بۆ خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ راپەڕن و بەشێکی زۆری خاکی کوردستان رزگاربکەن.
قۆناغی دووەمی کەوتنی یەکجارەکیی رژێمی سەدام حسێن ساڵی ٢٠٠٣ بوو لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، ئیتر شتێک نەما بەناوی سەدام، سیستم و دەسەڵاتە خوێنمژەکەیەوە، گەلانی عیراق رزگاریان بوو ئەگەرچی هێشتا ئەو عیراقە نییە کەوا گەلەکەی چاوەڕوانی دەکرد.
پرسی دۆزینەوەی، دەرهێنان و گواستنەوەی تەرمە پیرۆزەکانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لە دوای ئازادکردنی عیراقەوە قسە و باسی لێوە دەکرێت، ئەوەی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، وەکوو پێویست گرنگیی پێ نەدراوە، بەڵکوو زیاتر لەسەر ئاستی درووشمە و ئەو ژمارە کەمەیش لە تەرمی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان کەوا هێنرانەوە و لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا ئارامگە و مۆنۆمێنتیان بۆ کراوە، لە چاو ١٨٢ هەزار مرۆڤ زیندە بەچاڵکراودا ژمارەیەکی یەکجار زۆر کەمە.
هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی روون و کردارییان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە نییە، لە دۆزینەوە و هەڵدانەوەی، تا دەگاتە پشکنین و بردنەوەی بۆ ئەو ناوچەیەی کە زێدگەیەتی، ماوەیەکیش بینیمان دەیان تەرم دوای دەرهێنانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە شوێنی تایبەت هێڵدرانەوە و نەتوانرا بەشێوەیەکی زانستی پشکنینی (دی ئێن ئەی)یان بۆ بکرێ و دواتریش بە شکۆوە بە خاکیان بسپێرنەوە.
بۆ سەلماندنی ئەوەی رژێمی سەدام حسێن، کوردی ئەنفالکردووە، بۆ ئەوەیش کە جیهان گرەنتی ئەوە بکات جارێکی دیکە کورد جینۆساید ناکرێتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی تەرمەکان لە خاکی خۆیان ئارام بگرنەوە و کەسوکاریان چاویان لێیان بێت و دڵیان پێی ئارام ببێتەوە، گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رژدی کار بکات بۆ ئەوەی پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکان ببێتە پرسێکی نیشتمانی لەسەر ئاستی عیراق و هەرچی رێوشوێنی پێویستە بیگرێتەبەر.
ئەرکێکی نیشتمانییە پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەهەند وەربگیرێت و لە هەموو لایەکەوە فشار بخرێتە سەر هەردوو حکومەتی عیراق و کوردستان بە کردار ئەوەی پێویستە بۆ ئەو پرسە بیکەن، خۆ ئەگەر هەر کەمتەرخەمییەک بینرا لە هەردوو حکومەت، ئەوا دەکرێت رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسوکاری جینۆسایدکراوان خۆپێشاندان بکەن و هەرچی رێگەیە بۆ ناچارکردنیان بیگرنەبەر تا بسەلمێنرێ کورد جینۆسایکراوە و ئێستایش رێز لە تەرمی پیرۆزیان دەگیرێت و دەکرێنە سیمبولی ستەملێکراویی نەتەوەی کورد.