دێرین عزەدین
كە یەكێتی هاتە كۆڕی خەبات، چەندین گۆڕانكاری لەگەڵ خۆیدا هێنا، وەكو بومەلەرزەیەكی سیاسی، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی، گۆڕانكاریی ریشەیی دروستكرد. یەكێتی هەر ئەوەندە نەبوو وەکو حزبێك بێتە كۆڕی خەبات و جەماوەرێك لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، بەڵكوو بەرلەوەی شۆڕشێكی سیاسی و چەكداری بێت، شۆڕش و گۆڕانكارییەكی قووڵی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی بوو، گۆڕینی مۆدێلی خەبات و دووبارە بەخشینەوەی رۆڵ و پێگە بە تاكەكانی كۆمەڵگە.
دابەشكردنی رۆڵەكان لەسەر بنەمای لێهاتوویی، تێكشكاندنی بەها نەگونجاوەكان و هێنانە پێشەوەی بەهای نوێ بەگوێرەی هەلومەرجی نوێی كۆمەڵگەی كوردی دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، لە گرنگترین ئەو گۆڕانكارییانە بوون كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ خۆیدا هێنای.
هێنانە پێشەوەی ژن بۆ نێو كایەی سیاسی و پێدانی رۆڵی شایستە بە ژن و سوودوەرگرتنی لە تواناكانی ژنان بۆ جۆشدانی خەبات و دروستكردنی مۆدێلێکی هاوچەرخی خەباتی رزگاریی گەلی كوردستان، نموونەیەكی زیندووی دەستكەوتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و گەورەترین ئاڵوگۆڕە كە یەكێتی پێشكەشی كۆمەڵگەی كوردستانی كردووە.
پێش شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە رابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تاڕادەیەكی زۆر ژنان وەك بكەرێكی پاسیڤ سەیر دەكران، رۆڵێكی بەرتەسكی كۆمەڵایەتی و ئابوورییان پێدرابوو. ژن لە پەراوێزی سەرجەم گۆڕانكارییەكاندا بوو، بەڵام لە شۆڕشی نوێدا، ئەم وێنەیەی ژن بەتەواوی گۆڕا.
تەوارەكان توانییان سوود لەو دەرفەتە وەربگرن كە خەیاڵی فراوانیان خستییە بەردەمیان، هێنانە پێشەوەی ژن بۆ نێو كۆڕی خەبات، بەهیچ شێوەیەك چاولێکەری نەبوو، چونكە پێشی یەكێتیی هیچ بزووتنەوەیەكی هاوشێوە هەنگاوی ئاوا بوێرانەی نەناوە، دواتریش ئەو رۆڵەی یەكێتیی بە ژنی بەخشی، تەنها بۆ جوانکاری نەبوو، بەڵكو رۆڵی راستەقینەی شۆڕشگێری بوو، لە سەردەمی خەباتی شاریشدا، لە تەمەنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، یەكەم دەستەبژێری ژنانی وەزیر و ژنانی بەڕێوەبەری گشتی و ژنانی پەرلەمانتار، هەر ژنانی یەكێتی بوون، حزبەکانی دیكە لەدوای ئەو ئەزموونەی یەكێتییەوە، بیریان لەوە كردەوە ئەزموونەكەی یەكێتیی كۆپی بكەن.
لای یەكێتیی ئەو هەنگاوە، وەڵامدانەوەی داخوازییە شارستانییەكانی ژیانی هاوچەرخ بوو، پێویست بوو كورد بچێتە ناو ئەو سەردەمەی كە ژنان تیایدا رۆڵی راستەقینەی خۆیان ببینن، هەروەها لە روویەكی تریشەوە، وەگەڕخستنی بڕێكی یەكجار زۆر و بێ شوماری وزەیەكی پەكخراو بوو، كە بەبێ هیچ هۆیەك وزەی ملیۆنان ژن پەكخرابوو، وزە و توانا و لێهاتوویی ژنان وەگەڕ نەدەخرا، ئەم پەكخستنەش هۆكارێكی راستەقینە و فیزیكی نەبوو، بەڵكو تاكە رێگر لەبەردەم وەگەڕخستنی تواناكانی ژناندا، تەنها نەریتی كۆمەڵایەتی بوو.
یەكێتی زووبەزوو دەستیبرد بۆ گۆڕینی ئەو نەریتانە و لە ئەنجامیشدا، بەگوڕی ملیۆنان ژن، وزە بۆ كۆڕی خەباتی سیاسی و شۆڕش و سێكتەری ئابووری و ئیداری فەراهەمكرا، یەكێتی دەستیبرد بۆ كۆدێكی كۆمەڵایەتی و كردییەوە، ئیتر دەرگای بەكارهێنانی وزەیەكی بێ شومار لەسەر كۆمەڵگەی كوردی كرایەوە، كۆدەكەی گۆڕی، وزەی ملیۆنان ژنی دەستكەوت.
هەموو ئەو ئاڵوگۆڕەش بەڕەچاوكردنی ئەو راستییە بوو، كە ناكرێ كورد لە سەدەی بیستەمدا خەبات بۆ ئازادی نەتەوەیی بكات، بەڵام هێشتا نەتوانێت ژن ئازاد بكات لە رێگەی گۆڕینی كۆدێكی نەریتییەوە، بۆیە یەكێتی لە قووڵاییدا كۆدەكەی گۆڕی، ئیدی بە ئازادانە ژنان هاتنە كۆڕی خەبات، سەدان هەزار دەستیكار بۆ سێكتەری ئابووری، ئیداری و كادیری بەتوانای ژنان بۆ سێكتەرەكانی تر فەراهەمكران.
ژن بوو بە سەركردە و خاوەن بڕیار، بەڵام ئایا هەر ئەوەندە بەسە؟ بێگومان نەخێر، یەكێتیی نوێ لە بەردەم چاوەڕوانیی زۆر گەورەی ژناندایە و پێویستە نەوەستێت و سەرجەم رێگرییەكانی بەردەم بەشداریی سیاسیی ژنان لابەرێت و كلیلی سەركردایەتیی كۆمەڵگە بە ژنان بسپێرێت.
ر.س