مهودا میدیا-
گروپى چەکداری عیراقی عەسائیب ئەهلی حەق ئهمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، چەکەکانیان رادەست کردووە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری پچڕاندووە، هاوکات خۆیان لەگەڵ سوپای عیراق هاوتەریب کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا، سەرکردایەتی عەسائیب ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتیی دەکات، رایگەیاندووە “بڕیاریان داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پی ئێم ئێف بپچڕێنن و چەک لە دەوڵەتدا قەتیس بکەن و خۆیان لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق هاوتەریب بکەن”.
هەروەها بڕیاریدا لیژنەیەکی ناوەندی لەناو رێکخراوەکەدا پێکبهێنرێت “بۆ تەواوکردنی هەموو رێکار و مەرجەکانی پەیوەست بە ئینفۆنتۆری چەک و ئۆتۆمبێل و پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ PMF”.
عەسائیب ئەهلی حەق دووەم گروپی چەکدارە کە بە فەرمیی تەسلیمکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت راگەیاند، ئەمەش دوای لیواکانی ئاشتی (سارای سەلام) کە سەر بە موقتەدا سەدر رێبەری شیعەکانە.
عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییەکانی دەوڵەت لە شاری نەجەف لە باشووری رۆژئاوای بەغدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند “بەرنامەی حکومەت تیشک دەخاتە سەر قەتیسکردنی چەک لە دەوڵەتدا، نەخشەڕێگایەکیش هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم بابەتە”.
حەکیم رایگەیاندووە “چاوەڕێی مانگی ئەیلول دەکەن کە وادەی کۆتایی هاتنی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عیراق، بۆ ئەوەی پرسی قەتیسکردنی چەک لە دەوڵەتدا کۆتایی پێبهێنن”.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئەمهریکا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی عیراق بۆ چەسپاندنی چەکەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت دووپاتکردەوە.
لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ قاسم عەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، جۆشوا هاریس، راوێژکاری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمهریکا لە عیراق، دووپاتی کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتی حکومەتی عیراق و عیراقێکی تەواو سەروەر و سەربەخۆ دەکات، کە گەشەسەندنی ئابووری هێزی بزوێنەری پێشکەوتنی و خۆشگوزەرانی گەلەکەیە.
هاریس هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ ئەو رێوشوێنانە دووپاتکردەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی چەکەکانە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا.
ع