مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە هەرێم کۆبووەوە و بڕیار درا لە سبەینێوە سەرجەم کۆمپانیاکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
بەپێی رێککەوتنەکە، بەهای ئەو نەوتەی كە دەبێت هەرێمی كوردستان لە رێگای سۆمۆوە بیفرۆشێت مانگانە (850) ملیار دینارە لەگەڵ (120) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ كە دەبێت رادەستی بەغدادی بكات دەكاتە (970) ملیار دینار، لەبەرانبەردا بەغدا كرێی بەرهەمهێنانی نەوتی كۆمپانیاكان و مانگانە (970) ملیار دیناری مووچە رەوانە دەكات.
عەلی زەیدی،سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند “قەبارەی ئەو زیانانەی بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بەر عیراق کەوتووە گەورە بووە، بۆیە پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە، ئەویش لە رێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رێگرن لە بەردەم زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت”.
هەر بەپێی رێککەوتنەکە، هەرێمی كوردستان دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت دەكاتەوەو دەبێت رۆژانە (200) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات و لە رێگای بەندەری جەیهانی توركیاوە دەفرۆشرێت و داهاتەكەی دەگەرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بۆ هەر بەرمیل نەوتێك بەغدا بڕی (16) دۆلار تەرخان دەكات بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، كە كۆی گشتیی مانگانە دەكاتە (96) ملیۆن دۆلارە.
نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا (95) دۆلارە و پێویستە هەرێمی كوردستان (200) هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات مانگانە دەكاتە (6) ملیۆن بەرمیل و كۆی داهاتەكەی رۆژانە دەكاتە (19) ملیۆ دۆلار و مانگانە دەكاتە نزیكەی (850) ملیار دینار لەگەڵ 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی كۆی گشتیی داهاتی هەرێم کە رادەستی بەغدای دەکات دەگاتە 970 ملیار دینار، لە بەرانبەردا حکومەتی عیراق مانگانە ( 970 ) ملیار دینار بۆ مووچە و( 140) ملیار دینار بۆ كرێی كۆمپانیاكانی نەوت دابین دەکات.
ب ح