مەودا میدیا-
تۆڕی هاوپەیمانی 19 کە لەلایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤەوە دامەزراوە راگەیەندراوێکی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەک لە زیندانەکانی هەولێر بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد راستی رووداوەکە بە تەمومژاویی دەمێنێتەوە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایگەیاند “كاتێك هیچ گەرەنتییەک بۆ شەفافیەت و لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و بێلایەن نەبێت، تۆمەتبار پارێزەری نەبێت، راستی رووداوی گیانلە دەستدانەکەی (ئاسۆ مەجید قادر) بە تەمومژاویی دەمێنێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” دەرئەنجامە دژبە یەكەكانی راپۆڕتی پزیشكی دادوەریی و خانەوادەكەی گومانی زیاتر دەخەنە سەر راستی رووداوەكە، بە تایبەت لە ماوەی دەستگیرکردنیدا ریگە بە کەسوکارەکەی نەدراوە راستەوخۆ بیبینن و نەیانزانیوە لە كام گرتوخانەیە”.
ئەوەشی خستەڕوو “(ئاسۆ مجید قادر)، پیشەی پێشمەرگە بوو لە یەكەی پاسەوانی سەر بە هێزەكانی زێرەڤانی، بەپێی ماددەی یەكەم لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003، لە 2ی نیسانی 2026، پۆلیسی هەولێر دەستگیریان كرد، لە رووداوێكی تەمومژاویدا لە 5ی حوزەیرانی 2026، گیانی لەدەستدا و دواتر پۆلیس رایگەیاند كە، (لە ناو گرتووخانەدا كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە) بەبێ ئەوەی ناو و شوێنی گرتوخانەکە ئاشكرا بكەن”.
باسی لەوەشکرد “دوابەدوای ئەو رووداوە دڵتەزێنە، دەپرسن ئایا هاوڵاتییەك کە پیشەی (پێشمەرگە)یە و تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادارکراوەتەوە؟ بۆ هیچ روونكردنەوەیەكی نییە؟ ئایا ئاگادارن كە پێشمەرگەیەكیان بەم تۆمەتە لە گرتووخانەی پۆلیسە؟ بۆچی خێزانەكەی لە ماوەی دوو مانگدا نەیانتوانیوە سەردانی بكەن؟ بۆچی پارێزەری بۆ دابین نەكراوە؟ بۆ شوێنی گرتنەكەی بە نهێنی ماوەتەوە؟ ئایا گرتووخانەی نهێنی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە؟”.
ب ح