سەرۆکی یەکێتی و تۆم باراک کۆبوونەوە و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد

مەودا میدیا-

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ عیراق و سووریا لە بەغدا کۆبوونەوە و بەپێی راگەیاندراوی رەسمی سەرۆکی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکەیاندا کۆمەڵێک پرسی گرنگی نێوان هەردوولا تاوتوێ کراون.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ عیراق و سووریا کۆبووەوە، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەبووە.


لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە “لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ کران و هەردوولا رێککەوتنی ئەمەریکا و ئێرانیان بە گرنگ زانی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە”.


ئاماژە بەوەیش کراوە “لەپێناو بەدیھێنانی سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و ئەمنی، پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێی عیراق جەختی لەسەر کرایەوە، بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەکان”.


لەبارەی پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی نیگەرانیی خۆی نەشاردووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ تۆم باراک روونیکردووەتەوە “شەرعییەت و متمانەی حکومەتی ئێستا خەریکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەیشی روونکردووەتەوە “هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە پلانێکی ستراتیژی کێشەی وزە لە تەواوی عیراق چارەسەر بکات”.

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان