مەودا میدیا-
راپۆرتێكی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی پێشێلكارییەكی ئەمنی ئاشكرا دەكات دوای ئەوەی بەرپرسانی هەواڵگری بەریتانیا ئامێرێكی بەدواداچوونی چینییان دۆزیوەتەوە كە لەناو ئۆتۆمبێلێكی حكومەتی بەریتانیادا شاردراوەتەوە كە سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بەكاریدەهێنن.
ئامێرەكە لەناو پێكهاتەیەكدا دانراوە كە لە دابینكەرێكی چینییەوە هاوردە كراوە و نزیكەی چوار ساڵ لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا ماوەتەوە و دواتر توانراوە لە كاتی پشكنینی وردی ئەمنیدا بدۆزرێتەوە.
ئەو ئامێرە سیخوڕییە دوای ئەوە دۆزرایەوە كە خزمەتگوزارییە ئەمنییەكانی بەریتانیا دەستیان كرد بە هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆمبێلە حكومی و دیپلۆماسییەكان لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە پەرەسەندووەكانی چاودێری بیانی.
بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەكان، ئامێرەكە لەلایەن بەڵێندەرێكی لاوەكی چینییەوە لە “یەكەی كۆنترۆڵكردنی ئەلیكترۆنی”دا یەكخراوە، پێش ئەوەی پارچەكە بنێردرێت بۆ كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلەكە.
لەبەر ئەوەی پێكهاتەكە وەك یەكەیەكی مۆركراو گەیشتووە، بەبێ ئەوەی بەرهەمهێنەر ئاگاداری ناوەڕۆكەكەی بێت، دانراوە.
بەرپرسانی هەواڵگری پێیان وایە ئەم جۆرە سیخوڕیكردنە بەتەنها تایبەت نییە بە بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، بەڵكو كارەكە زۆر لەوە فراوانترە بەهۆی بەرهەمهێنانی بەكۆمەڵی ئەم پێكهاتانە كە هەر ئۆتۆمبێلێك كە بەكاریان دەهێنێت، جا هی هاووڵاتییەكی ئاسایی بێت یان سەرۆكی دەوڵەت و دەبێتە شوێنپێهەڵگرێكی ورد و كاریگەر، بەڵام ئاشكراكردنی ئەو ئامێرە سیخوڕییە فشارێكی زۆری خستۆتە سەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە پەكین توندتر بكات.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجومەنی گشتی بەریتانیا لە دانیشتنێكدا گوێی لە سێ شایەتحاڵی شارەزا گرت كە تیایدا تیشك خرایە سەر ئۆتۆمبێلی كارەبایی چینی و مەترسییەكانی سیخوڕی و ئاسایشی ئەلیكترۆنی پەیوەست بەو تەكنەلۆژیایە.
دواتریش یەكێك لە پسپۆڕەكان بابەتێكی سەرسوڕهێنەری بۆ لیژنەكە ئاشكرا كرد و باسی لە مەترسییەكانی كۆكردنەوەی زانیاری لە رێگەی چەند پارچەیەكەوە كرد كە لە پێكهاتەكانی ئۆتۆمبێلدا یەكخراوە. نموونەیەكی ساڵی ٢٠٢٢یشی باس كرد كاتێك ئۆتۆمبێلی سەرۆكوەزیران لە رێگەی بەكارهێنانی ئەو پارچانەوە بەردەوام زانیارییەكانی بۆ چین دەگوازرایەوە..
پسپۆڕەكە ئاماژەی بەوەشكرد ئەو یەكەیە بكاردبێت بۆ بەستنەوەی ئۆتۆمبێلەكە بە ئینتەرنێتەوە و توانای ناردن و وەرگرتنی زانیاری و پێشكەشكردنی نوێكاری و پێشكەشكردنی هەندێك خزمەتگوزاری زیرەكی هەیە.
لە بەرامبەریشدا چین ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە و ئەو دەنگۆیانەیان بە دەنگۆی بێ بنەما وەسف كردووە.
پەكین ئەو بابەتەی بە سیاسیكردنی هاوكاری ئابووری و بازرگانی و هەڵمەتێكی چەواشەكاری لە دژی كۆمپانیا چینییەكان زانیوە.
لەسەر ئەو بابەتەش وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە لەندەن رایگەیاند، ئەو راپۆرتانە “دەنگۆی پاك” و “زانیاریی ناڕاست”ن، سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوای تۆمەتبار كرد بەوەی نیگەرانییەكانی ئاسایشی نیشتمانی دەقۆزنەوە بۆ تێكدانی بازرگانی ئاسایی و بێناوبانگكردنی كۆمپانیاكانی تەكنەلۆجیای چینی.
ئەرسەلان پەرۆش