مەودا میدیا-
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق کرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی و نزار ئامێدی گفتوگۆیان دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابووریی و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی و نزار ئامێدی جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە، بەشێوەیەک هەموو هەوڵەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵکدابن و رێگەنەدرێت ململانێ سیاسییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان هەبێت.
پەیوەست بە رێککەوتنی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمەریکا، بافڵ جەلال تاڵەبانی و نزار ئامێدی، بە گرنگییەوە لێیان روانی بە ئاڕاستەی نەهێشتنی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دیالۆگ.
ب ح