دەربارەی لاریجانی

ئەم رۆژانە زۆر باسی لاریجانی دەکرێت، بەشێوەیەک لە میدیا نێودەوڵەتییەکان و ناوەندە شرۆڤەییەکان تینویەتییەک پەیدا بووە بۆ ناسینی زیاتری، لاریجانی؛ یەکێکە لە ئاڵۆزترین و کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو مێژووی هاوچەرخی ئێران. ئەو تەنها سیاسییەک نییە، بەڵکو وەک “ئایکۆنێکی ستراتیژی” و پردێک لەنێوان فەلسەفەی رۆژئاوا و دەسەڵاتی ئایینیی تاران دەبینرێت.

عەلی ئەردەشیر لاریجانی لە ساڵی ١٩٥٨ لەدایکبووە. گەورەبوون لەنێو ماڵباتێکی مەرجەعی وەک ئایەتوڵڵا میرزا هاشم ئامولی، زەمینەیەکی ئایینیی بەهێزی بۆ رەخساند، بەڵام لاریجانی تەنها لە چوارچێوەی حەوزەدا نەمایەوە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە زانست و فەلسەفە؛ سەرەتا بەکالۆریۆسی لە بیرکاری و زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی تەکنەلۆژیی “شەریف” (کە بەناوبانگترین ناوەندی زانستیی ئێرانە) وەرگرت. ئەم باکگراوندە بیرکارییە وایکردووە لە سیاسەتدا وەک “یاریزانێکی شەترەنج” هەنگاوەکانی هەژمار بکات. دواتر رێڕەوی خوێندنی گۆڕی و لە زانکۆی تاران دکتۆرای لە فەلسەفەی رۆژئاوا بەدەستهێنا، کە تێزەکەی لەسەر “ئیمانوێل کانت” بوو؛ فەیلەسوفێک کە بە “نەزم و عەقڵانییەت” ناسراوە.

لاریجانی بڕوای بە “عەقڵانییەتی سیاسی” هەیە لە چوارچێوەی ئاییندا. ئەو پێی وایە دەوڵەت ناتوانێت تەنها بە دروشم و هەست و سۆزی شۆڕشگێڕی بەڕێوەبچێت، بەڵکو پێویستی بە مەنتیق، دیپلۆماسی و “عەقڵی پراکتیکی” هەیە. کاریگەریی کانت لە هەڵوێستەکانیدا رەنگدەداتەوە، بەتایبەت لە چەمکی “بەرژەوەندیی دەوڵەت”. ئەو زیاتر بە “تەکنۆکراتێکی ئایینی” ناسراوە کە دەزانێت چۆن لەگەڵ جیهانی دەرەوە بە زمانی ئەوان قسەبکات بێ ئەوەی بنەماکانی سیستمی “ویلایەتی فەقیه” بشکێنێت. ئەم پارادۆکسە وای لێدەکات هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە وەک کەسێکی “مەترسیدار، بەڵام پێویست” سەیر بکرێت.

لاریجانی بۆ ماوەی چەندین دەیەی یەک لە دوای یەک لە هەستیارترین پۆستەکاندا بووە؛ لە سەرۆکایەتیی “رادیۆ و تەلەفزیۆن/صدا و سیما” (١٠ ساڵ) کە جڵەوی فیکری کۆمەڵگەی بەدەست بوو، تا دەگاتە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و زیاتر لە دەیەیەک سەرۆکایەتی پەرلەمان. ئەو پەیوەندییەکی زۆر قووڵی لەگەڵ  ئایەتوڵڵا عەلی خامنەییدا هەبوو و وەک “مەحرەمی ئەسرار” و نوێنەری تایبەتی بۆ دۆسییە ستراتیژییەکان (وەک پەیماننامەی ٢٥ ساڵەی لەگەڵ چین) دەبینرا. لەئێستادا، پردێکی پەیوەندییە لەنێوان حکومەتی مەسعود پزیشکیان و ناوەندەکانی بڕیاری سێبەر، وەک راوێژکارێکی گەورە دەبینرێت کە رێگری لە پێکدادانی باڵەکان دەکات.

هەندێک لە ناوەندەکانی بیرکردنەوەی رۆژئاوا لاریجانی بە “پیاوی هاوسەنگییەکان” دەناسن. بەشێک لە ئاژانسە جیهانییەکانیش وەک “دیپلۆماتکارێکی سەخت بەڵام واقیعبین” وەسفی دەکەن. زۆرێک لە چاودێران دەڵێن لاریجانی “دیوی شارستانی و دیپلۆماسی” کۆماری ئیسلامییە؛ ئەو کەسەیە کە کاتێک ئێران دەگاتە بنبەست، دەتوانێت دەرچەیەکی “عەقڵانی” بدۆزێتەوە کە نە سازشی پێوە دیار بێت و نە وڵات بەرەو داڕمان ببات.

گەورەترین نەیاری لاریجانی باڵی موحافیزکار و کەسایەتیی وەک مەحمود ئەحمەدی نەژاد بوون. ئەوان لاریجانی بە “لیبڕاڵی ئایینی” و “سازشکار” تۆمەتبار دەکەن. ململانێی ئەو لەگەڵ باڵە سەربازییە توندەکان کە بڕوایان تەنها بە هێزی رەق هەیە، هەمیشە بەردەوام بووە. بۆ موحافیزکارەکان، لاریجانی وەک “ئەسپی تەروادە” وایە کە دەیەوێت بە ناوی فەلسەفە و عەقڵانییەتەوە رۆحی شۆڕشگێڕی لەناو ببات.

لە چەند رۆژی رابردوو و ماوەی شەڕی ئەمەریکا/ ئیسرائیل-ئێران، کە ئێران قۆناغی ڕاگواستنی دەسەڵاتی بۆ موجتەبا خامنەیی تێپەڕاند، لاریجانی بووەتە “پایەیەکی نیزام”. بۆیەش لە حاڵەتی (مانەوەی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران) و (تيپەڕاندنی ئەم قۆناغە)، لاریجانی دەتوانێت بە چەند شێوەیەک هاوکاری موجتەبا بکا: دەوترێت، بەهۆی پێگەی خێزانی و ئایینی، دەتوانێت بەشێکی زۆری تەکنۆکراتەکان و میانڕەوکان لە دەوری موجتەبا کۆبکاتەوە تاوەکو رێگری لە هەرەسهێنانی ناوخۆیی بگرێت. بەهۆی ئەزموونە دێرینەکەی، خەریکی رێکخستنەوەی پەیوەندییە تێکچووەکانی ئێرانە لەگەڵ جیهان بۆ ئەوەی دەسەڵاتی موجتەبا لەژێر گوشاری قورسی ئابووریدا دەستپێنەکات. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت، لاریجانی ببێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ئەوەی سوپای پاسداران هەموو جومگەکانی دەوڵەت مۆنۆپۆڵ بکەن؛ دەیەوێت دەسەڵاتی موجتەبا وەک “رێبەرێکی مەدەنی- ئایینی” بمێنێتەوە نەک ببێتە فەرماندەیەکی سەربازی و رێبەرێکی جیهادیی.

بە کورتی، عەلی لاریجانی ئەو “ئایکۆنی فەلسەفییە”یە کە کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٦ و لە سایەی رێبەرایەتی نوێدا، ناتوانێت دەستبەرداری بێت. لە کۆتاییدا، لاریجانی لەگەڵ ئەرک و پۆستە جیاوازەکان، بەڵام رووبەڕووی رەخنەی جدیی دەبێتەوە، کە زۆربەیان لە دەوری “ئامرازییبوونی” فیکر و “هەلپەرستیی سیاسی” دەسوڕێنەوە؛ رەخنەگران پێیان وایە ئەو تەنها نوێنەری ئەریستۆکراسییەکی ئایینییە کە هیچ بنکەیەکی جەماوەریی راستەقینەی نییە و فەلسەفەی کانت و عەقڵانییەت تەنها بۆ پینەکردنی درزەکانی دەسەڵات و شەرعییەتدان بە سانسۆر بەکاردەهێنێت، بەتایبەت لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی لە رادیۆ و تەلەفزیۆن کە بە “سنووردارترین قۆناغی میدیایی” بۆ سەرکوتکردنی رۆشنبیران دەژمێردرێت. جگە لەوەش، سیاسەتی “تەراتێن لەنێوان باڵەکان” وای لێکردووە وەک کەسایەتییەکی بێ متمانە دەربکەوێت کە نە لە ناو موحافیزکارەکان و نە لە ناو چاکسازیخوازەکاندا جێگەی نابێتەوە، دواجار وەک داشێکی سیستەمەکە دەبینرێت کە ئەرکی تەنها پاراستنی مانەوەی دەسەڵاتە لە قۆناغە هەستیارەکاندا.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان