مەودا میدیا-
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد لە ساڵی (2016) بە ستەم، بە نایاسایی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان رابگیرێت، ستەمێک کە بێجگە لە زیانی ماددی گەورە لە مامۆستایان و فەرمانبەران فەوزایەکی گەورەشی لە پلەی وەزیفی و راژەو میلاک دروستکردووە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “ئەگەری دانانی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ کۆتایی ئەمساڵ هەیە، ئەرکی وەزیرە کوردەکانی حکومەتی فیدراڵ و ئەندامە کوردەکانی پەرلەمانی عیراقە ستەمی راگرتنی پلە بەرزکردنەوە و سەرەمووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبهێنن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “زیاتر لە 365 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری مەدەنی، چەندین ساڵە کەمتر لە مووچەی شایستەی خۆیان وەردەگرن، فەرمانبەر هەیە نزیکەی (300 هەزار) دینار کەمتر لەوەی شایستەیەتی وەردەگرێت بەهۆی فەوتان و نەبەستنی دوو پلە یان سێ پلە بەرزکردنەوە کە شایستەی بووە”.
ئەوەشی خستەڕوو “هەزاران مامۆستا و فەرمانبەر بە مووچەیەکی زۆر کەمتر لەوەی شایستەن خانەنشین بوون، دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە، ئیتر کاتییەیی ئەم ستەمە کۆتایی بێت، ستەمێک کە حکومەتی هەرێم لە فەرمانبەران و مامۆستایانی دەکات”.
ب ح