رەنگە باوەڕ نەكەیت، بەڵام زۆرینەی سەربازە ئەمەریكییەكان كە لە خاكی ئەڵمانیادان، هەر لە ئەڵمانیا لەدایكبوون و هەندێكیان ئەمەریكایان نەبینیوە
بەهۆی ئەو دەسەڵاتەكەی كە هەیەتی، ئەمەریكا لە هەندێك لە وڵاتانی دنیا بنكە و بارەگای سەربازی هەیە كە تیایاندا ئەفسەر و سەربازانی ئەمەریكی لە ئەركدان و ساڵانە ئەو سەربازانە گۆڕانكارییان پێدەكرێت بەجۆرێك ئەوانەی پێشتر لە خاكی ئەو وڵاتانە لە ئەركدا بوون دەگەڕێنەوە ئەمەریكا و سەربازی نوێ شوێنەكانیان پڕ دەكاتەوە.
ئەڵمانیاش یەكێكە لەو وڵاتانە كە ناوەندێكی سەرەكییە بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمەریكا لە ئەوروپا و ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیش پەیوەندییەكی تۆكمە و لە مێژینەیە.
بەڵام ئەوەی كە جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە كە بەشێكی زۆری ئەو سەربازە ئەمەریكییانەی كە لە ئەڵمانیا لە ئەركدان ساڵانێكی زۆرە هەر لەو وڵاتە دەژین، هەیانە بابوباپیرانیان لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە هەر لە ئەڵمانیا ماونەتەوە و نەڕۆیشتوونەتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان، بەشی زۆریان هەر لە ئەڵمانیا لەدایكبوون، زۆرینەیان منداڵەكانیان لە ئەڵمانیا گەورە دەبێت و هەر لەوێش خوێندن تەواو دەكەن و تەواوی ژیانیان هەر لەوێ بەڕێوەدەچێت بەجۆرێك تیایاندایە كە تا ئێستا نەچووەتەوە وڵاتەكەی خۆی و ئەمەریكای نەبینیوە.
ئەمەریكییەكان لە ئەڵمانیا گەڕەكی تایبەتی خۆیانیان هەیە و لە شارە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە نزیك لەیەكتر نیشتەجێن و خوێندنگەی تایبەتیی ئەمەریكی و خزمەتگوزاریی خۆیانیان هەیە
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە كە بەشێكی زۆر لەو ئەمەریكییانەی كە لە خاكی ئەڵمانیادان خۆیان زۆر لە خەڵكی وڵاتەكە پێ گەورەترە و بە هیچ شێوەیەك حساب بۆ یاسا و رێساكانی ئەڵمانیان ناكەن، ئەوان دەڵێن ئێمە ئەمەریكین و لە سەرووی هەموو شتێكەوەین.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی كە دەزگا پەیوەندیدارەكانی ئەمەریكا بڵاویانكردووەتەوە، زیاتر لە 100.000 هاوڵاتیی ئەمەریكی لە ئەڵمانیا دەژین كە زۆرینەیان دەكەونە شارەكانی دوسلدۆرف، كوێلن و بۆن.
ئەوەشی كە ئێستا بووەتە جێگای نیگەرانی بۆ ئەمەریكییەكانی ئەڵمانیا ئەوەیە كە پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەیان رێڕەوێكی سزایی لە دژی هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی لە ناتۆدا پەیڕەو بكات، چونكە ناكۆكییەكان لەگەڵیان فراوانتر دەبن و بۆچوونەكان لەسەر شەڕی ئێران و پێوەرەكانی هاوكاری سەربازی لەناو هاوپەیمانییەكە جیاواز دەبن.
بۆیەش دوایین هەنگاوی ئیدارەی ئەمەریكا كە مانگی رابردوو ئاشكرایان كرد، كشانەوەی پێنج هەزار سەربازە لە ئەڵمانیا لە لایەن پنتاگۆنەوە وەك هەنگاوی یەكەم كە رەنگە دواتر ژمارەكە زیاتر بكرێت، ئەمەش بووەتە هۆی ترس و نیگەرانی ئەو ئەمەریكییانەی كە لەو وڵاتە نیشتەجێبوون، چونكە دوای ئەو هەموو كاتە ئاسان نییە ئەڵمانیا بەجێبهێڵن كە ئێستا بووەتە نیشتمانی یەكەمیان.
ئامادەكردن و وەرگێڕان: ئەرسەلان پەرۆش