سیپان شێروانی: عیراق هەزاران عدنان جومەیلی هەیە

مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد تائێستا سامانی گەندەڵی دەستبەسەرگیراوی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوت لە 200 ملیار دینار نزیکبووەتەوە كە ئەم ژمارەیە لە هەڵكشاندایە.

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند “ئەگەر وای دابنێین كە لە 20 ساڵی رابردوو هەر پلەباڵایەك بە سێ ساڵ تەنها 10%ی عەدنان جومەیلی گەندەلی كردبێت، هەم بۆت دەردەكەوێت رێژە و قەبارەی گەندەڵی چەندە، هەمیش دەردەكەوێت كە داهاتی زەبەلاحی نەوتی عیراق چی لێهاتووە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەمە باشترین وەڵامە بۆ ئەو سیاسییە عیراقیانەی 20 ساڵە بە هاوڵاتییانی باشوور و ناوەراستی عیراق دەڵێن بۆیە خزمەتگوزاری نییە پارە بۆ هەرێم دەنێرن، لە كاتێكدایە عیراق هەزاران پلە باڵا تری وەك عەدنانی هەیە جگە لە وەزیر و سەرۆك وەزیرانەكان”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئێستا دەبێت تاك بە تاكی عیراقی بزانن كە بۆچی لە ناوەراست و باشووری وڵاتەکەیان هیچ خزمەتگوزارییەك پێشكەش نەكراوە و لە هەمانكاتدا سەرەرایی گەمارۆكانی سەر هەرێم، هەرێم زیاتر و زیاتر دەگەشێتەوە و پێشدەكەوێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان