له‌ دادگاى نێوده‌وڵه‌تیی سكاڵاى یاسایی له‌سه‌ر تره‌مپ تۆماركرا

مه‌ودا میدیا-

سێ دادوەر لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان سکاڵای یاساییان لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا و چەند بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکەی تۆمارکردووە و تانەیان لە سزاکانی واشنتۆن بەسەریاندا سەپاندووە، ئەوان دەڵێن سزاکان نایاسایین و دەستوەردان لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری نێودەوڵەتیی پێکدەهێنن.

ئەم داوایە لە دادگای نیویۆرک تۆمارکراوە و لەلایەن دادوەری کەنەدی کیمبەرلی پرۆست و دادوەری ئۆگاندا سۆلۆم بالونگی بوسا و دادوەری بێنینی ڕەین ئادێلاید سۆفی ئالابنی گانسۆی خراوەتەڕوو.

دادوەرەکان رایانگەیاند کە سزاکانی ئەمه‌ریکا بە مەبەستی دروستکردنی فشاری دەرەوەی دادوەری بووە بۆ سزادانیان بەهۆی جێبەجێکردنی ئەرکە دادوەرییەکانیان، بەهۆی کاریگەریی دوور مەودایان لەسەر مامەڵە دارایی و پیشەییەکانیان بە حوکمی لەسێدارەدانی دارایی وەسفیان کردووە.

ئیدارەی ترەمپ سزای بەسەر چەندین دادوەری دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکاندا سەپاند، لەنێویاندا داواکاری گشتی، لەوانە قەدەغەکردنی چوونە ناو ئەمه‌ریکا و بەستنی هەر سەروەت و سامانێک، مامەڵەیەکی دارایی، یان خاوەندارێتی خانووبەرە کە لەوانەیە لە چوارچێوەی ئەمریکا هەیانبێت.

ئەم سزایانە لە وەڵامی لێکۆڵینەوەکانی دادگا لە ئیسرائیل و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ساڵی 2024دا سەپێنراون.

دادوەرەکان داوایان لە دادگاکە کرد کە سزاکان هەڵبوەشێنێتەوە، بەو پێیەی سەپاندنی ئەم جۆرە رێوشوێنانە بەسەر دادوەرە نێودەوڵەتییەکان پێشینەیەکی بێ وێنە دادەنێت و سەربەخۆیی دادپەروەری نێودەوڵەتیی تێکدەدات.

جگە لە تره‌مپ لە داواکارییەکەدا ناوی مارکۆ رۆبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا و سکۆت بیسنێت وەزیری گەنجینەی ئەمه‌ریکاش خراوەتەڕوو.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان