مەودا میدیا-
مهكتهبی سیاسيی پارتی سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد فەرموون با پەرلەمان کارا بکەنەوە.
مهكتهبی سیاسيی پارتی رایگەیاند “بە خستنەڕووى ژمارەیەک سیناریۆ و رێگەچارەى گونجاو بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییەى رووبەڕوى پرۆسەى سیاسيی هەرێم بووەتەوە، بە کۆبوونەوەى دوو قۆڵى و چەندقۆڵى، دەستپێشخەرى، پێکهێنانى شاند، پەیام و سەردان، بەڵام بەداخەوە بە دەنگەوەهاتن و هەڵوێستى ئەرێنى پێویست بەرچاو نەکەوت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بارودۆخى ناوچەکە بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى، بەرپرسیاریەتى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقیمان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچى زووتر دۆزینەوەى ڕێگەچارەى دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەى ئێستا، کە جگە لە زیان گەیاندن بە هەرێم و ئەزموون و دەستکەوتەکانمان، بۆ هیچ لایەک سوودى تێدا نابینرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “کاتێک کۆبوونەوە و شاند و سەردان و پەیامەکان، هەروەها هەوڵەکانمان لە گواستنەوەى باس و گفتوگۆى کێشەکان لەسەر شەقام و ڕاگەیاندنەکانەوە بۆ سەر مێزى گفتوگۆ بێ ئاکام بێ، فەرموون لایەنەکانى بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەى کورسیان زۆرە و چ ئەوانەى کورسى کەمتریان هەیە، پەرلەمان کارا بکەنەوە”.
ب ح