مەودا میدیا-
ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر كۆكردنەوەی داهاتی نانەوتی هێشتا وەك خۆی ماوەتەوە و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت” بەغدا داوای هەژمارێكی هاوبەش دەكات”.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند” بەغدا داوای كردووە كە بۆ داهاتی نانەوتی هەرێم هەژمارێكی هاوبەش لە نێوان هەرێم و ناوند بكرێتەوە و سەرجەمی داهاتی نانەوتی هەرێمی تێدا كۆبكرێتەوە و مانگانەش هەرچی پارەیەك زیاتر بوو لەو بڕەی بەغدا داوای دەكات دەیگەڕێننەوە بۆ هەرێم”.
وتیشی” بەرپرسانی هەرێم ئەو داوایەی بەغدایان رەتكردووەتەوە و داوایانكردووە دوو هەژماری جیاواز لە نێوانیاندا بكرێتەوە بە جۆرێك 50%ـی داهاتی هەرێم بچێتە هەژمارەكەی هەرێم و 50%ـی تری داهاتەكە بچێتە هەژمارەكەی بەغدا، بەڵام بەغداش ئەو داوایەی هەرێمی رەتكردووە و پێی رازی نەبووە”.
لەلایەكی تریشەوە بەپێی زانیارییەكانی مەودا میدیا بەغدا بڕیاریداوە بۆ ئەم مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە لێبڕینی 120 ملیارەكە بنێرێت و هەرێم خۆی لە داهاتی ناوخۆ ئەو بڕە پڕبكاتەوە.
ئ پ