خۆڵاویکردنی مێژوو

مێژوو تەنیا کۆمەڵێک رووداوی بەسەرچووی رابردوو نییە، بەڵکوو یادگارییەکی زیندووە، کە دەبێتە بناغەی ناسنامەی گەلان و کۆمەڵگەکان، بەڵام بەداخەوە، لە زۆر کاتدا مرۆڤ و کۆمەڵگەکان، بەتایبەت چینە باڵادەست و بەرژەوەندیخوازەکان، هەڵوێستێکی بێویژدانانە دەرحەق بەم یادگارییە زیندووە دەگرنە بەر؛ یان بەتەواوی پشتی تێ دەکەن، یان بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان دەستکاری و لادانی تێدا دەکەن، هەر بۆیە مێژوو هەمیشە ئەو ئاوێنە روونە نییە کە راستییەکان وەک خۆی نیشان بدات. زۆر جار راستییەکانی کراونەتە قوربانیی، چونکە زۆربەی رووداوەکانی مێژوو لەلایەن براوەکانەوە (بە قازانجی خۆیان) نووسراونەتەوە و دەنووسرێنەوە. کاتێک جەنگێک یان ململانێیەک کۆتایی دێت، لایەنی براوە کۆنترۆڵی پێنووس و کاغەزەکان دەکەن، خۆیان وەک فریادڕەس و پاڵەوان و کاربەڕێکەر و پلاندانەر پیشان دەدەن و دۆڕاوەکانیش (نەیارەکانیان)، تەنانەت ئەگەر خاوەنمافیش بووبێتن، وەک تێکدەر و ئاژاوەچی و خراپەکار لە قەڵەم دەدەن و دەنگیان دەبێت بە ژێر پێی مێژووەوە و ون دەبێت. هەروەها رۆڵی پاڵەوانە راستەقینەکان فەرامۆش دەکەن و باسیان ناکەن، بۆ نموونە؛ لە زۆربەی قۆناغەکاندا رۆڵی ژنان لەناو شۆڕشەکان، زانستەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا لە پەراوێزدایە، یاخود بێبایەخ کراون و زیاتر ناوی پاشا و سوڵتان و ژەنراڵەکان تۆمار کراوە… رەنجی ملیۆنان کرێکار و جووتیار و سەربازی ون، کە لەسەر دەستی ئەوان شارستانیەتەکان و مێژوو دروست کراوە، پشتگوێ دەخرێن… کاتێک دەوترێت ئەسکەندەری مەزن ئیمپراتۆریەتی فارسی رووخاند، یان سوڵتان محەمەدی فاتیح قوستەنتینەی گرت، وا پیشان دەدرێت کە ئەو تاکەکەسانە کارەکەیان ئەنجام داوە و داستانەکە بە ناوی سەرکردە و پاشاکانەوە تۆمار کراوە، یاخود لە بنیاتنانی هەرەمەکانی میسری کۆن و شاری بابل و دیوارەکانی چین و کۆشکە زەبەلاحەکانی مێژوودا… رۆڵی سەدان هەزار لە ئەندازیار و کرێکار و سەرباز گومناوە، لە کاتێکدا ئەوان بوونەتە قوربانیی تا ئەو سەرکەوتننانە بنیاتنراوە، بەڵام مێژوو تەنیا ناوی تاجلەسەرەکانی تێدایە، ئەوەش لە زانستی مێژووناسی و کۆمەڵناسیدا پێی دەڵێن “پاوانخوازی، یاخود دیاردەی مەتی”.

زۆر جاریش کاتێک دەسەڵاتدارێکی نوێ، ئەگەر لە رووی سیاسی یان کۆمەڵایەتییەوە نەیار بێت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پێش خۆی، ئەوا دەسەڵاتدارە نوێیەکە و دەستە و تاقمەکەی، هەوڵیان داوە و هەوڵ دەدەن ئەو دەستکەوتانەی پێشوو بکەنە دەستکەوتی خۆیان، یان کەسانی نزیک لە خۆیان، بۆ ئەوەی رەوایەتی مێژوویی بۆ خۆیان تۆمار بکەن و ناوی ئەوانیش بسڕنەوە و بە خۆڵ دایپۆشن.

خۆ ئەم جۆرە چەواشەکارییە تەنیا بۆ جەنگ و دەستکەوتەکان نییە، بەڵکوو لە بوارەکانی تریشدایە، بۆ نموونە؛ زانست، ئەدەب و هونەر…

لە سەردەمی ئێستاماندا، ئەو وتە بەناوبانگەی کە دەڵێت: مێژوو لەلایەن دەسەڵاتە سەرکەوتووەکانەوە دەنووسرێتەوە. گۆڕاوە بۆ: مێژوو لەلایەن ئەو کەسانەوە دەنووسرێتەوە کە خاوەن ئەلگۆریتم و ئامراز و دەزگای میدیایین و توانای دەستکاریکردنی رای گشتییان هەیە.

شێواندنی مێژوو، یان ساختەکردنی واقیع، سنووری نەماوە و ئەمڕۆ وەک رۆژی روون بە چاوی خۆمان دەیبینین؛ کە بەهۆی لێشاوی زۆریی زانیاری (ناڕاستی دروستکراو بەمەبەست)ە. دەتوانرێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا قوربانیی بگۆڕدرێت بۆ ستەمکار و بە پێچەوانەشەوە، تەنانەت دەکرێت چیرۆکێکی تەواو هاوتەریب بە راستییەکان دروست بکرێت.

لە سەردەمی پاش-راستی (post-truth)، چیتر راستییەکان و بەڵگەکان دادوەر نین، بەڵکوو هەست و سۆز و لایەنگریی ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندییە سیاسییەکان کاریگەرییان هەیە، کە رووداوەکان بەو شێوەیەی خۆیان بە گونجاوی دەزانن؛ دادەڕێژن.

کێشەیەکی تری سەردەمییانە کە رووبەڕووی نووسینەوەی مێژوو دەبێتەوە: (لەبیرچوونەوەی دیجیتاڵی)یە، کە بە (دیاردەی گووگڵ) ناسراوە؛ بیرەوەریی بەکۆمەڵی مرۆڤ وای لێ هاتووە بە پێوەری (ترێند) دەپێورێت، مرۆڤەکان یان راستیی رووداوەکان، لەگەڵ دەرکەوتنی رووداوێکی نوێ بیردەچنەوە، ئەوەش وا دەکات تەنیا رووداوەکانی دوێنێ و نزیک بنووسنەوە، نەک ئەوانەی پێش چەند سەدەیەک. بە واتای بیرەوەریی مرۆڤ لە ئێستادا زۆر کورتمەودایە. لەگەڵ ئەوەش، تاکە دڵنەوایی لەم سەردەمەدا، ئەوەیە هەرچەندە مێژوو بەئاسانی دەشێوێنرێت و ساختەی تێدا بکرێت، بەڵام ئامرازەکانی بەڵگەنامەسازیی (ڤیدیۆ، گێڕانەوە، شایەتحاڵەکان و داتا سەربەخۆکان…) لە ئێستادا بەئاسانی دەست دەکەون و لەبەر دەستی دەسەڵاتداران و گەلانی سەردەستە و بێدەسەڵاتە مافخوراوەکان و تاکەکانیشدا هەیە، بەمەش دەتوانرێت چیرۆکە سەرەوژێرکراوەکان لەبەردەم خوێنەری هۆشیار و سەربەخۆدا بەئاسانی دەربکەوێت و ئاشکرا ببێت.

بۆ تۆمارکردنی راستییە مێژووییەکان، پێویستی بە وردبینی و گەڕان و پشکنین لەنێوان دێڕەکاندا هەیە، بۆ ئەوەی پشکنەر و مێژوونووسەکان بتوانن راستی و دروستیی گێڕدراوەکان و نووسینەکانیان بۆ دەربکەوێت.

بێویژدانیی دەرحەق بە مێژوو؛ ستەمێکی بەردەوامە، کە بۆشایی نێوان رابردوو و ئێستا فراوانتر دەکات و رێگە بۆ دووبارەبوونەوەی هەڵەکان و ستەمەکان دەکاتەوە. تەنیا بە خستنەڕوو و تۆمارکردنێکی ئازایانەی مێژوو (بە هەموو تاڵی و شیرینییەکییەوە) دەتوانین کۆمەڵگەیەکی هۆشیارتر و دادپەروەرانەتر بنیات بنێین، کۆمەڵگایەک کە لە رابردووی فێر دەبێت بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر.

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان