مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم ئاشکرایکرد دەنگۆی بڕینی بەشەخۆراكی هاوڵاتییان دوورە لە راستییەوە و هیچ بڕیارێک نییە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم رایگەیاند “پرۆسەی دابەشکردنی بەشەخۆراک بەردەوامە و تاوەكو بارودۆخی ئابووریی باش نەبێت و ئاستی داهاتی تاک بەرزدەبێتەوە پێدانی خۆراك هەر بەردەوام دەبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەپێی بڕیاری ئەجومەنی وەزیران و وەزارەتی بازرگانی عیراق، بڕینی بەشەخۆراکی مانگانە تەنها بۆ پلە تایبەتەكانە و بەهیچ شێوەیەک بڕیارەکە هاوڵاتییان ناگرێتەوە”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابووریی عیراقی رایگەیاندبوو “بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی بەرنامەی چاكسازیی حكومەت رەنگە مووچە كەم بكرێتەوە و بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان رابگیرێت”.
ب ح