سەرەتای بەرپرسیارێتییە نەک کۆتایی ئەرک

بێری غەریب

پێکهێنانی حکومەت لە سیستمی دیموکراسیدا بە وێستگەیەکی سیاسیی گرنگ دادەنرێت، دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆ، دانوستان، هاوپەیمانی و رێککەوتنی هێزە سیاسییەکان، گەیشتن بە کابینەیەکی نوێ هیوایەکی تازە لە دڵی هاوڵاتییان دروستدەکات.

دەبێت هێزە سیاسییەکان لە گەیشتن بەو وێستگە گرنگە خۆشحاڵبن، چونکە توانراوە قۆناغێکی سیاسی بە کەمترین زیان کۆتایی پێ بهێنرێت، بەڵام ئەو خۆشحاڵییە نابێت ببێتە کۆتایی ئامانج، بەڵکوو دەبێت ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە بەرپرسیارێتی و خزمەتکردنی گەل بەبێ جیاوازیی دەنگ و رەنگەکان.

لە زۆربەی وڵاتاندا، پێکهێنانی حکومەت بە مانای جێگیرکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەردەوامبوونی کارەکانی حکومەت دێت، بەڵام لە هەندێک ئەزمووندا، بە تایبەتی لە وڵاتانی پاش ململانێی سیاسی، گەورەترین هەڵە ئەوە بووە کە پاش پێکهێنانی حکومەت، هەموو سەرنجێک لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ماونەتەوە و داواکارییە راستەقینەکانی هاوڵاتییان لە پشتەوە ماون.

هاوڵاتی، لە ناوی وەزیرەکان یان ژمارەی کورسییەکان ناپرسێت؛ ئەوەی بۆی گرنگە ئەوەیە کە ئایا حکومەت دەتوانێت کارەبا، ئاو، تەندروستی، پەروەردە، هەلی کار و ئاسایشی ئابووری دابینبکات؟ ئایا یاسا بەسەر هەموواندا بە یەکسانی جێبەجێ دەکرێت؟ ئایا گەنج ناچار نابێت بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی باشتر، نیشتمان بەجێبهێڵێت؟ هەر ئەم پرسیارانەن لە  سەرکەوتنی هەر حکومەتێک کە  پێیان دەپێورێت.

دەسەڵات ئەگەر بە پێکهێنانی حکومەت خۆشحاڵە، دەبێت لە هەمان کاتدا هەست بە قورسایی بەرپرسیارێتییەکەشی بکات. خۆشحاڵیی راستەقینە ئەو کاتە دروستدەبێت کە ژیانی خەڵک بگۆڕدرێت، نەک تەنها ئەو کاتەی کابینەیەک پێکبهێنرێت، بەڵکوو حکومەت لە یەکەم رۆژەوە پێویستە پلانێکی روونی بۆ چاکسازیی ئابووری، پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەهێزکردنی دادوەری و پشتگیری لە بەرهەمهێنان هەبێت.

گەندەڵی، یەکێکە لە گەورەترین هۆکارەکانی لەدەستدانی متمانەی حکومەت لای خەڵک، ئەگەر حکومەت بەڕاستی دەیەوێت قۆناغێکی نوێ دەستپێبکات، دەبێت لەسەر بنەمای شەفافیەت و بەرپرسیارێتی کار بکات. هاوڵاتی دەبێت بزانێت پارەی گشتی لە کوێ خەرج دەکرێت، پرۆژەکان چۆن جێبەجێ دەکرێن و یاسا چۆن بەسەر هەموواندا بە یەکسانی جێبەجێ دەکرێت.

هیچ حکومەتێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر تەنها گوێ لە دەنگی هاوپەیمانە سیاسییەکانی بگرێت، بەڵکوو دەبێت گوێ لە دەنگی ئۆپۆزسیۆن، رۆژنامەوانان، رێکخراوە مەدەنییەکان، مامۆستایان، گەنجان و ژنانیش بگرێت. بەهێزی هەر حکومەتێک بەوە ناپێورێت چەند کورسی لە ئەنجومەندا هەیە، بەڵکوو بەوە دەپێورێت کە چەند دڵی هاوڵاتی بەدەستهێناوە.

ئابووری، بنەمای سەقامگیری هەر وڵاتێکە، ئەگەر هاوڵاتی هەلی کاری شایستەی هەبێت، مووچە لە کاتی خۆی بدرێت، وەبەرهێنان زیادبێت و بازاڕ بجووڵێت، ئەوا هەست بە گۆڕانکاری دەکات، بەڵام ئەگەر بێکاری، هەژاری و کێشەی ژیان هەروا بەردەوام بن، ئەوە هیچ بانگەشەیەک ناتوانێت جێگای ئەنجام بگرێتەوە.

حکومەتەکان لە مێژوودا بە کردارەکانیان دەناسێنرێنەوە نەک بە دروشمەکانی، مێژوو ناوی ئەو حکومەتانە دەپارێزێت کە ژیانی خەڵکیان گۆڕیوە، نەک ئەوانەی تەنها پۆست و دەسەڵاتیان دابەشکردووە.

دەسەڵات مافی ئەوەی هەیە بە پێکهێنانی حکومەت خۆشحاڵ بێت، بەڵام ئەو خۆشحاڵییە تەنها ئەوکاتە پیرۆزە کە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەش هەمان هەستیان هەبێت، ئەو رۆژەی منداڵەکان بە هیوا بڕواننە داهاتوو، گەنجان کار بدۆزنەوە، یاسا بە یەکسانی جێبەجێ بکرێت، دادگەری بپارێزرێت و خەڵک بە متمانەوە سەیری دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەن، ئەوکات دەتوانرێت بڵێین پێکهێنانی حکومەت سەرکەوتوو بووە.

سەرکەوتنی راستەقینە ئەوە نییە حکومەت دروستبکرێت؛ بەڵکوو ئەوەیە حکومەت بتوانێت ژیانی خەڵک باشتربکات و متمانەی گەل بپارێزێت. داهاتووی نەوەکانمان لە پێکهێنانی حکومەتێکی تەندروستدایە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان