مەودا میدیا-
دوای بڕیارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ جێگیركردنی نرخی بەنزین، لە ئێستادا لە زۆربەی بەنزینخانەكانی هەولێر و دهۆك بەنزین نییە و حكومەتیش ناتوانێت بەشی پێویست دابین بكات.
عەلی عەبدوڵا، شۆفێری تاكسی لە شاری هەولێر بە مەودا میدیای راگەیاند” سەرەتا كە سەرۆكی حكومەت بڕیاری بۆ نرخی بەنزینی نۆرماڵ دەركرد، تەنها بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەكاندا نەما، بەڵام دواتر كاتێك نرخی بۆ بەنزینی محسن و سوپەریش دەركرد، ئێستا ئەو دوو جۆرەش لە بەنزینخانەكاندا نەماون”.
وتیشی” حكومەت خۆی پێشتر بە نرخی گرانتر لە پاڵاوگەكان بەنزینی بە بەنزینخانەكان فرۆشتووە، كەچی بە بڕیارێك ناچاری كردوون بە زەرەر بیفرۆشنەوە بە هاوڵاتییان، بۆیە پێویستە سەرەتا پاڵاوگوكان نرخ هەرزان بكەن ئینجا بەنزینخانەكان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” لەگەڵ ئەوەی بەنزینی بازرگانی نییە، حكومەت ناتوانێت بڕی پێویست بەنزینی حكومی 750 دیناری دابین بكات، ئەگەر بتەوێت بڕی 50 لیتر بەنزین وەربگرێت، ئەوا پێویستە بۆ ماوەیەكی زۆر لە بەنزینخانەكاندا سەرە بگریت و رەنگە دواتر بەریشت نەكەوێت”.
ئ پ