مەودا میدیا-
کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری باشماخ کوژرا و دوای سێ رۆژ لە تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
پێگەی کۆڵبەرنیوز بڵاویکردەوە “کۆڵبەرەکە ناوی (مادح کرمانی)یە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، خەڵکی شاری مەریوانە بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی رژێمی ئێران لە سنووری باشماخ کوژراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “کۆڵبەرەکە گوللە بەر سەری کەوتووە، دوای رووداوەکە، هێزەکانی رژێمی ئێران تەرمەکەیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە بەجۆرێک بنەماڵەکەی تاوەکو سێ رۆژ هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی راگرتنی تەرمی کوڕەکەیان نەبووە”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ساڵی رابردوو تاوەکو ئێستا بەگشتیی 57 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و رێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە”.
ب ح