مەترسییەکانی سەر شکستی عیراقی نوێ

سۆزان حەمەتاتە

لەدوای کۆتاییهێنان بە فەرمانڕەوایی سەدام حسێن و سەرکەوتنی پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، گەلانی عیراق و لەسەرووی هەموویانەوە کورد، بەوپێیەی کوشتەی سیاسەتەکانی سەدام حسێن بوو، چاویان لە هێنانەکایەی عیراقێکی نوێ بوو، عیراقیک ببێتە دەوڵەتی هەموو نەتەوە و ئایینەکان، هەروەها مرۆڤ تیایدا هەست بە هاوڵاتیبوون و مافەکانی بکات و بگرە شانازیشی پێوەبکات.

ئەگەرچی تائێستا عیراق لە هەوڵی ئەوەدایە جیاوازبێت لە رابردوو، بەڵام نەیتوانیوە ببێتە ئەو عیراقەی دڵخوازی هەموو گەلانی عیراقە، بەڵکوو دەیان گرفت و لەمپەر لەبەردەمیدا هەیە و تێپەڕاندنی ئاسان نییە، ئەوەیشی پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە، دەرکەوتنی ئاسەوارەکانی دەیان کێشەی کەڵەکەبووە کەوا چەندین ساڵە هەوڵی جدی بۆ جارەسەرکردنی نەدراوە.

عیراق، زیاتر لەوەی ویستی بەرەو فیدراڵی چوونی راستەقینەی هەبێت، ویستی دروستکردنی ناوەندێکی بەهێزی هەیە، لای بەغدا ناوەندێکی بەهێز زیاتر خزمەت بە ئێستا و داهاتووی عیراق دەکات لەکاتێکدا ئەم تێڕوانینە لای هەرێمی کوردستان پێچەوانەکەی راستە و پێی وایە عیراقێکی فیدراڵی یەکگرتووی خاوەن سیستمێکی دیموکراسی و دامەزراوەیی، زیاتر بۆ ئێستا و داهاتووی عیراق گرنگە.

سەردەمی سەرۆک مام جەلال و بەهێزبوونی کورد لە بەغدا، دەستکەوتی زۆر و باش بەدەستهاتن، هێزی کوردی و یەکگرتوویی هێزە کوردستانییەکان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکانمان، وایانکردبوو کورد دەنگی دلێر بێت و بتوانیت بەتەواوەتی بەرگریی لە مافە نەتەوەییەکانی بکات.

مەترسییەکان ئاییندەیین بۆ سەر کورد و ئەگەر رێگەیان لێ نەگیرێت ئەوا قەبارە و کاریگەرییان گەورەتر دەبێت:

یەکەم: زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی عیراق، چەند ناکۆکیش بن، بەڵام لەگەڵ بوونی عیراقیکی یەکگرتووی بەهێزن و پێیان بکرێت سیستمی فیدراڵی رەتدەکەنەوە.

دووەم: نایەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن هێزێکی سەربازیی تۆکمە و پڕ چەک تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی کردەیی بشبێتە بەشێک لە سوپای عیراق.

سێیەم: کۆی هێزە سیاسییە عیراقییەکان (سوننە و شیعە) لەگەڵ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عیراق نین و نایانەوێت کەرکوک و ناوچەکانی دیکە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەیش زۆرینەی سەرۆک وەزیرانەکان بەڵێنی جێبەجێکردنی دەدەن، بەڵام تەنانەت یەک هەنگاویش بۆ جێبەجێکردنی نانێن.

کورت و پوخت ئەمەیە: بۆ ئەوەی عیراقی نوێ مافەکانی کوردی تیدا بچەسپێ و بەپێی دەستووری ئەوەی هەمانە وەریبگرینەوە، ئەوا یەک رێگە هەیە لەبەردەمماندا، یەکگرتوویی و یەک ستراتیژیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عیراق، وەلانانی کێشەکان و تەواو کوردستانیانە بیرکردنەوە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان