مەودا میدیا-
پارتی چاکسازیی تورکمان ئاشکرایکرد بڕیاریانداوەداوە بایکۆتی رێوڕەسمی واژۆکردنی هاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بکەن.
پارتی چاکسازیی تورکمان رایگەیاند “هەر هەنگاوێک ببێتە هۆی ئاڵۆزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان یان درەنگخستنی چارەسەری کێشەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێم دەبێت، بەتایبەت دواخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کە زیان بە بەرژەوەندی گشتیی دەگەیەنێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بە داخەوە هەندێک هەڵسوکەوت و ئاراستەی سیاسی لەبری متمانەسازیی، دەبنە هۆی دروستبوونی لێکترازان، ئەمەش لە دۆخێکدایە کە هاوڵاتیان چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکان و کاراکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانن”.
ئەوەشی خستەڕوو ” وەک لایەنێکی سیاسی باوەڕیان وایە کە لەم قۆناخە هەستیارەی هەرێمی کوردستاندا، پێویستە هەموو هاوپەیمانییەکان لە چوارچێوەی یەکگرتوویی و رێزگرتن بێت لە قەوارەی سیاسی هەرێم و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن”.
ب ح