مودا میدیا-
بەهۆی کەمی نەختینە و دابەزینی داهاتەوە، ماوەی دوو مانگە عیراق رووبەڕووی کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بووەتەوە و لە 20ی ئەم مانگەوە تائێستا بەشێک لەوەزارەت و دامەزراوەکانی مووچەی مانگی تەمموز (7)یان وەرنەگرتووە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر دواکەوتنی زیاتری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
سەرچاوەیەک لە حكومەتی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی (شەفەق)ی راگەیاندووە “بەشێک لە فەرمانبەران هێشتا مووچەکانیان وەرنەگرتووە و چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەی پێویست دەکەن، بەڵام پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ مانگی رابردوو بەردەوامە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” دواکەوتنی پێدانی مووچەی هەندێک لە فەرمانبەران بەهۆی ئەو فشارە داراییەوەیە کە رووبەڕووی خەزێنەی گشتیی بووەتەوەو چاوەڕوانی رێوشوێنەکانی حکومەت دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پارەی پێویست و بەردەوامیدان بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەردەوامی کەمی پارە کاریگەری لەسەر کاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیش دەكات، ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا پارەی پێویست دابین نەکرێت، مووچەی ئەو توێژانەش لە وادەی خۆی دوادەکەوێت”.
ب ح