کورد بە پەلاماریی بەربەرییەکان لەناو ناچێت

مەودا میدیا-

بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست ئاشکرایکرد ئەم شەڕە پرسێکی تەواو نیشتمانییە، جگە لە هەوڵی داگیرکردنی خاکی کوردستان هیچ شتێکی تر نییە، بۆیە ئەوان هەرچەند ئۆپۆزسیۆن بن بەڵام کاتێک نیشتمان دەکەوێتە مەترسیییەوە دەبێت هەمووان یەکدەنگ بن دژی داگیرکاریی، ئامانجی چەتەکان تەنها رۆژئاوا نییە بەڵکو باشوور و عیراقە.

عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایگەیاند “ئەوەی جێگەی داخە تەنانەت کورد لەگەڵ سوپایەکی نیزامیدا لە شەڕدا نییە بەڵکو لەگەڵ چەند گرووپی چەتە و بێسەروبەر کە دین بۆ کوشتن و دزینی ماڵی خەڵک بەکاردەهێنن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە دەستپێکی شەڕی چەتەکان لە حەڵەبەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 700 هاوڵاتیی چارەنووسیان دیارنییە کە ئەمە تاوانێکی زۆر گەورەیە و چەندین خێزان لە کاتی ئاوارەبوون لەلایەن چەتەکانەوە بەشێوەیەکی دڕندانە تیرۆرکراون”.

ئەوەشی خستەڕوو “پەلاماری چەتەکان بۆ سەر پێکهاتەکان بەڵگەیە لەسەرئەوەی کەسیان قبوڵ نییە، تاوەکو ئێستا هیچ شارێکی کوردنشین نەکەتووەتە دەست چەتەکانی جۆلانی بەڵکو شەڕڤانان لە چەند شار و شوێنێک پاشەکشەیان کردووە، کە عەرەب نشین بوون”.

باسی لەوەشکرد “بەردەوامبوونی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی هاوڵاتییان زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی فشاری نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان، بۆیە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی رەوەندی کوردی لە ئەوروپا و ئەمەریکا زۆر گرنگە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان