مەودا میدیا-
وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاشکرایکرد نزیکەی 800 هەزار هاوبەش لە سەرانسەری کوردستان سوودیان لە داشکاندنە تایبەتەکەی قەرزی کۆنی پێش پرۆژەی رووناکی وەرگرتووە، کە لە رۆژی 8/3 تاوەکو 9/10 بۆ ماوەی نزیکەی چل رۆژێک بەردەوام بوو.
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند “ئەم داشکاندنە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەرانی کارەبا بە هەموو پۆلەکانەوە پەسەند کرابوو، بۆ ئەوەی بە یەکجاری لە قەرزی کارەبا رزگاریان ببێت، کە لە رێگەی داشکاندنێکی تایبەتەوە بە رێژەی (50%) جێبەجێ کراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەم داشکاندنە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆژەی رووناکی و گواستنەوە لە قەرزە کۆنەکانەوە بۆ سیستەمێک کە تیایدا هەموو بەکارهێنەران بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری، بە بەردەوامی و لە کاتی خۆیدا کرێی کارەبا دەدەن”.
ئەوەشی خستەڕوو “وەزارەتەکەیان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان هاوبەشانی کارەبادا، لەسەر پشتگیریکردنی هاوڵاتیان و هاوبەشانی لە هەموو کەرتەکانی بەردەوام دەبێت”.
ب ح