ساڵانێكە تەواوكەری ئۆمیگا ٣ وەك رێگەیەكی ئاسان بۆ بەرزكردنەوەی تەندروستی مێشك و باشتركردنی یادەوەری و تەندروستی دڵ لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن بانگەشەی بۆ دەكرێت. بەڵام لێكۆڵینەوەكان لەسەر ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا ٣ تێكەڵاو بوون و هەندێكجاریش دژ بەیەك بوون.
ترشە چەوریەكانی ئۆمیگا ٣ بریتین لە چەورییە جیاوازە ناتێرەكان كە رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە جەستەی مرۆڤدا. ئەوان ماددە خۆراكییە سەرەكییەكانن كە جەستە ناتوانێت بە رێژەیەكی پێویست بەرهەمی بهێنێت، بۆیە دەبێت لە خۆراكەوە بەدەستی بهێنێت.
چەورییە تێرەكان هەندێك جار بە “چەوری ناتەندروست” ناودەبرێن، چونكە ئەگەری تووشبوون بە هەندێك نەخۆشی زیاد دەكات، وەك نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك. چەورییە ناتێرەكانیش بە “تەندروست” دادەنرێت، چونكە تەندروستی دڵ و مێشك بەرەوپێش دەبات كاتێك بە رێژەیەكی مامناوەند دەخورێت.
جەستەی مرۆڤ پێویستی بە ترشی چەوری ئۆمیگا ٣ هەیە بۆ دروستكردنی پەردەی خانەكان. لە كاتێكدا گرنگن بۆ هەموو خانەكانی لەش، بەڵام بە ئاستێكی بەرز لە خانەكانی چاو و مێشكدا چڕ دەبنەوە. هەروەها بەشدارن لە بەرهەمهێنانی ئەو هۆرمۆنانەی كە خوێن مەین و گرژبوون و شلبوونەوەی دیواری خوێنبەرەكان رێكدەخەن.
گرنگترین سەرچاوەكانی ترشە چەوری ئۆمیگا ٣ بریتین لە هەندێك لە جۆرەكانی ماسی، تۆوی چیا، تۆوی كەتان، سۆیا، تۆوی گەنم، گوێز ، بادەم، فستق و فندق.
لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش