بێری غەریب
ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی ئاوەدان و بەهێز بنیات بنێین، پێویستمان بە هێزی گەنجانە، چونکە هیچ وڵاتێک بەبێ بەشداری و توانای گەنجانی خۆی ناتوانێت بەرەو پێشکەوتن و ئاوەدانی بڕوات. دەبێت دەرفەت بە گەنجان بدرێت، رێگەیان پێ بدرێت بێنە ناو سێکتەرەکانی کار و بەڕێوەبردنەوە و تواناکانیان بخەنە گەڕ، گەنج نابێت تەنها بینەر و چاوەڕوانی داهاتوو بێت؛ دەبێت بەشێک بێت لە دروستکردنی داهاتوو.
پشتگیری لە گەنجان، تەنها پشتگیری لە نەوەیەک نییە، بەڵکوو وەبەرهێنانە لە داهاتووی نیشتیمان، بەداخەوە گەنجان بێهیوا و بێئومێد بوون؛ نەک چونکە خەون و ئارەزوویان نییە، بەڵکوو چونکە زۆرێک لە دەرگاکانی داهاتوو لەبەردەمیان داخراون گەنجێک کە توانای کارکردنی هەیە، بەڵام کار نییە، خوێندویەتی، بەڵام دەرفەتی پێشکەوتنی نییە؛ خەونی هەیە، بەڵام رێگەی گەیشتن بە خەونەکەی بۆی تاریکە، چۆن دەتوانێت بە داهاتوو باوەڕ بکات؟
کۆمەڵگەیەک کە گەنجانی بێئومێد بێت، تەنها داهاتووی گەنجەکانی ون ناکات؛ بەڵکوو بەشێک لە داهاتووی خۆیشی لەدەست دەدات، گەنجان پێویستیان بە وشەی جوان نییە تەنها پێویستیان بە دەرفەت، دادپەروەری، کار، پشتیوانی و هیوایەکی راستەقینە بۆ ژیان هەیە.
خ.غ