کاروان ئەنوەر
دوو هاوڕێ دەیانەوێت بۆ نیوەڕۆ کەباب بخۆن، ئوسوڵی ھەندێک کەس وایە دەبێت یەكێكیان پارەی هەردووكیان بدات. پاشان دەچن بەرەو پێشانگەی فرۆشتنی ترۆمبێل! لەوێدا هەر کەسە و یەك ترۆمبێلی جۆری LADA لادای سوور دەكڕن، كە دەیانەوێت پارەی كڕینی ترۆمبێلەكان بدەن، كەبابخۆری پارەنەدەر تەڵاق لە كەبابخۆری پارەدەر دەخوات، یەك دینار نادەیت و ئەوە لەسەر حسابی منە، قسە لەم و قسە لەو.. تەواو پیاو قسەی كردووە و من پارەی لاداكە دەدەم ئەمیش مەكە بە مەسەلەی كەبابەكە!
مەسەلەی ئەم كەباب و لادایە نوكتەیەك بوو لە كۆتایی حەفتاكاندا دەماودەم باسدەكرا، كاتێك خەڵكی گوندە سنوورییەكان لە پرۆسەی راگواستندا خزێنرانە كۆمەڵگەی زۆرەملێ، لەپارەی نەوتی عیراق قەرەبوو دەكرانەوە، بۆ هەر دۆنمێك زەوی 2500 دیناری عیراقی دەدرا بەو كەسەی بەناویەوە تۆمارکرابوو. ئەم راگواستنە دوو دیوی هەبوو، دیوە كۆمەڵایەتییەكەی ئەوەبوو كە خەڵكی شارەکان سەدان نوكتەی قۆشمەیان دروستكردبوو لەسەر شێوازی خەرجكردنی ئەو لێشاوە پارەیە، ئەو قۆناغە بەناوی (كاتی تەعویزەكە) ناسرابوو، هەندێك لەو نوكتانەش راستیی تێدابوو، بەڵام بە ترشوخوێوە خۆشكرابوون، بۆیە بە هەركەس بووترایە (تەعویزە) توڕە دەبوو و دەستی بە جنێودان دەكرد.
دیوی دووەم، دیوی راستییە تاڵە تراژیدیا سیاسییەكە بوو: لەدوای هەرەسی شۆڕشی کورد و پەیماننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975، دامەزراندنی (ی.ن.ك) لە ھەمان ساڵ و سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ لە 1976، بیرۆکەی راگواستنی زۆرەملێ و چۆڵکردنی شریتی سنوورەکانی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا، چووە مێشکی سەدام، کە داڕێژەری بیرۆکەکە و جێگری سەرۆک کۆمار بوو، سەرەتا بە چۆڵکردنی 5 کیلۆمەتر، پاشان بە 10 و 15، لە هەندێک شوێنی سنوورەکانی سلێمانی، گەیشتە 30 کیلۆمەتر، خەڵکەکە بە ناچاریی راگوێزران بەرەو ئۆردوگا زۆرەملێکان.
بەپێی راپۆرتەکانی ئەو کاتەی Human Rights Watch، لە ساڵەکانی 1977 و 1978، راگواستن گەیشتە ترۆپک، نزیکەی 250.000 ھەزار ھاوڵاتیی کورد خزێنرانە کۆمەڵگە درووستکراوەکان، مەبەست لەم پرۆسە بەدناوە، بڕینی خۆراك و شوێنی حەوانەوەی ھێزی پێشمەرگە بوو، پاشان بەناوی ھۆکاری ئەمنییەوە چۆڵکردنی سنوورەکان بوو.
ئەم پرۆسەیە لە زۆر شوێنی تر دژی کوردان بەناوی جیاواز بەکارهاتووە، وەک تەھجیر یان تەبعيد يان تەرحیل یانCordon Sanitare، پێشتر لەلایەن جۆزیف ستالینەوە ملیۆنان خەڵکیان لە ساڵی 1944 ئاوارەکرد و لەناویاندا کوردانی جۆرجیا، کە تاکوو ئێستاش نەگەڕاونەتەوە.
بەپێی تۆمارە مێژووییەکان و راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەكان، سەدام چی پێكرا كردی، ستالینیش زۆر زیاتر، بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تۆبۆگرافیای ناوچەیەکی فراوان و تێکدانی پەیوەندیی دانیشتووانەکەی بە خاک، زەوی، سنوور، ژینگە، گوند و سروشتەوە، خەڵکی ئەم گوندانەیان لە ئۆردوگا زۆرەملێکاندا توندکرد، لە ھەمووی ترسناکتر نەھێشتنی جیاوازیی لەنێوان خەڵکی شار و خەڵکی گوند بوو، لە رووی شارستانییەوە نەک جوگرافیا، کە تائێستاش کورد باجەکەی دەدات. پێش سەدام، جوزێف ستالین هەمان بیرۆکەی تاقیكردەوە و میللەتی کوردی سۆڤیەتی دابەشکرد بەسەر کازاغستان، تورکمانستان، ئازەربایجان و چیچان و…ھتد، تائێستاش پەرتەوازەیی کوردانی سۆڤیەت یەکنەخراوەتەوە، کەواتە هەڵكەندنی رەگی كورد لەسەر خاكی باب و باپیران، بەرنامەیەك بووە بۆ توانەوە و لەناوبردن و جینۆساید.
سەرباری ئەم كردار و رەفتارە وەحشیانە، پرسیارێکی زۆر کۆمێدی لە مێشکمدایە، ئەویش ئەوەیە: ئەگەر ستالین و سەدام پێکەوە وەک دوو برادەرەکەی سەرەتا، بچوونایە بۆ کەباب خواردن، کامیان پارەی ئەوی تریانی دەدا؟ دڵنیابن کەسیان پارەی ئەوی تری نەدەدا، چونکە ئەم دوو ناوە لە مێژوودا، دوو بەدترین سەرکردەن کە گەلی خۆیان ئاوارەكردووە، خوێنی میللەت و زۆرترین کەسی نزیک و ناسیاو و زاوا و کەسوکاری خۆیانیان بەدەستی خۆیان کوشتوە، تا رۆژی مردنیان یەک كەس ھاوڕێیان نەبووە، ئیتر چۆن پارەی کەباب بۆ یەکتر دەدەن؟
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
خ.غ