مەودا میدیا-
دەستەی دەستپاکیی عیراق ئاشکرایکرد هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بەردەوامە و لەوچوارچێوەیەشدا جێگری بەڕێوەبەری کۆگای دانەوێڵەی ئیسحاقیی لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیرکراوە.
دەستەی دەستپاکیی عیراق رایگەیاند “تۆمەتبارەکە جووتیارانی سنوورەکەی ناچار کردووە لە بەرانبەر وەرگرتن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە سایلۆکان بەرتیلی پێبدەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “تۆمەتبارەکە دەستکاریی جۆرەکانی گەنمی کردووە و گەنمی کوالێتی نزم و تێکەڵ بە خاشاکی وەرگرتووە و دانی بەوەداناوە کە پارەی وەرگرتووە و لەگەڵ ژمارەیەک جووتیار رێککەوتووە بۆ ساغکردنەوەی چەند بارهەڵگرێک گەنم و گۆڕینی پلەبەندیی جۆرەکانیان”.
ئەوەشی خستەڕوو “دادگای لێکۆڵینەوەی سەڵاحەددین تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی، بەپێی مادەی 307ی یاسای سزادان، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکردووە و رێکارە یاساییەکان بەردەوامە”.
ب ح