دێرین جەمال
کاتێک باسی مێژووی هاوچەرخی گەلەکەمان و تەواوی عیراق دەکەین، ناوی سەرکردەی کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە ئاسمانی سیاسەتدا دەدرەوشێتەوە، چونکە بەڕێزیان تەنها خەباتکارێک یان سەرۆکێک نەبوو، بەڵکوو قوتابخانەیەکی گەورەی ژیری و دیپلۆماسی بوو.
سەرۆک مام جەلال دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی بەغدا بوو و بڕوانامەی پارێزەری هەبوو، هەر ئەم پاشخانە یاساییەشی وایکردبوو کە هەمیشە بە لۆژیک و مافپەروەرییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشە ئاڵۆزەکاندا بکات. لە سەردەمی شۆڕشی رزگاریخوازی کورددا، بەڕێزیان بە فکرو ورە و بڕوا بەخۆبوونی، بڕبڕەی پشتی خەبات بوو، بە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ، هیوا و باوەڕی بۆ گەلەکەی گەڕاندەوە.
سەرۆک مام جەلال لە ناو سەنگەرەکاندا تەنها فەرماندە نەبوو، بەڵکوو برای خەمخۆری پێشمەرگە و مامۆستای بیری نوێی سیاسی بوو، کە توانی پرسی کوردی لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا بە شێوازێکی هاوچەرخ بناسێنێت.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی دوو هەزار و سێدا و لە کاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، سەرۆک مام جەلال سەلماندی کە گەورەترین ئەندازیاری تەبایی و ئاشتییە، تا ئەو رادەیەی بە (سیمبولی ئاشتی و پێکەوەژیان) لە سەرانسەری عیراق و ناوچەکەدا ناوزەند کرابوو. بە لێهاتوویی و سۆزو لێبوردهیی خۆی، توانی بێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی تەواوی خێڵ و عەشیرەت و مەزهەبە جیاوازەکانی عیراق، لەنێوان شیعه و سوننە و کورد و تورکمان و مەسیحییەکاندا پردی متمانە و برایەتی درووستبکات و توندترین قەیرانە نەتەوەیی و ئایینییەکان بێ خوێنڕشتن چارەسەر بکات.
سەرۆک مام جەلال پیاوێکی گەورەی نێودەوڵەتی بوو کە بە دەستەواژەی خۆش و زمانی پاراو و دیپلۆماسییەتە وردەکەی، رێزی تەواوی سەرکردەکانی جیهانی بۆ لای خۆی و گەلەکەی راکێشابوو، بە جۆرێک کە لە بەرزترین کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکاندا بە شانازییەوە داکۆکی لە مافەکانی کورد و ئارامیی عیراق دەکرد.
ئەمڕۆ کە تەماشای بارودۆخی پڕ لە ئاڵۆزی و پەرتەوازەیی حزبەکان و کۆمەڵگە دەکەین، زیاد لە هەر کاتێک هەست بە بەتاڵیی شوێنپێی سەرۆک مام جەلال دەکەین. لەم رۆژگارەی ئێستادا کە ناوچەکە و کوردستان بە ناو تەنگژەی دارایی و سیاسی و لێکترازانی قووڵدا تێدەپەڕێت، پێویستییەکی زۆر و چارەنووسساز بە ژیری و دەستی پڕ لە ئاشتیی بەڕێزیان هەمووان لە دەوری یەک مێز کۆبکاتەوە.
سەرۆک مام جەلال هەوێن و مامۆستای راستەقینەی لێبوردەیی و گفتوگۆ و تەبایی بوو، لەدەستدانی بەڕێزیان کارەساتێکی گەورە بوو کە بۆشاییەکی بەجێهێشت تا ئێستاش کەس نەیتوانیوە پڕی بکاتەوە، چونکە ئەو خاوەنی ئەو عەقڵە کراوەیە بوو کە بەرژەوەندیی نیشتمان و ئاسودەیی خەڵکی دەخستە پێش هەموو جۆرە ناکۆکی و ململانێیەکی تەسکەوە.
خ.غ