عیراق و تورکیا لەسەر هەناردەکردنی نەوت رێککەوتن

مەودا میدیا-

​عیراق و تورکیا رێککەوتنێکی کاتیی یەک ساڵەیان واژۆ کرد بە مەبەستی بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هێڵی بۆریی بۆ بەندەری جەیهان، کە توانای هەناردەکردنی (750 هەزار) بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا.

سەلیم روکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند “ئەم رێککەوتنە نوێیە کاتییە و بۆ ماوەی یەک ساڵە، ئامانج لێی دڵنیابوونە لە بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی خاوە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەم هێڵە نابێتە جێگرەوەی گەرووی هورمز وەک ئەوەی هەندێک لە شارەزایان باسی لێوە دەکەن، بەڵکو وەک هێڵێکی یەدەگە بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی هەناردەکردن بەپێی ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات”.

ئەوەشی خستەروو “گەیشتن بە ئاستی هەناردەکردنی (750هەزار بەرمیل) لە رۆژێکدا پەیوەستە بە گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ توانای تەواوەتیی خۆی و هەروەها باشتربوونی دۆخی ئەمنیی وڵات”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان