مەودا میدیا-
بیر بكەرەوە، نە لە ئاگر بترسیت، نە لە مردن و نە لە هیچ هەڕەشەیەك رابكەیت ؟
زیانێكی تۆقێنەر لە پێكهاتەی فیزیكیی مێشكدا هەیە كە سیستەمی ناسینەوەی مەترسی بە تەواوی لەكار دەخات و رەفتاری مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ شێتییەكی رەهای ئارەزووە سەرەتایی و غەریزییەكان.
ئەمە راستییەكی تۆماركراوە لە زانستی دەمارزانیدا، تێكچوونێك بە ناوی “سەندرۆمی كلۆڤەر-بوسی”، كاتێك هەردوو بەشی “ئامیگدالا” لە ناوەندی مێشكدا بەهۆی زەبر، جەڵتە یان هەوكردن لەناو دەچن، مێشك توانای تێگەیشتن لە ترس و مەترسییە گیانییەكان لەدەست دەدات.
لە دۆخێكی وەهادا، كەسی تووشبوو تووشی جۆرێك لە “كوێریی دەروونی یان هەستی” دەبێت. دەستی راستەوخۆ دەخاتە سەر بڵێسەی ئاگر، شتی تیژ یان ژەهراوی بۆ ناسینەوە دەخاتە ناو دەمی، و لە بەرامبەر مەترسیدارترین هەڕەشەكاندا تەنانەت یەك دڵۆپ ئەدریناڵینیش لە جەستەیدا دەردانی بۆ ناكرێت.
بەڵام وەرچەرخانە رەفتارییە تۆقێنەرترەكە ئەوكاتە روودەدات كە سەرجەم كۆنتڕۆڵكەرە ئەخلاقی و سێكسییەكان بە تەواوی دەكوژێنەوە. كەسەكە تووشی ئارەزوویەكی بێسنوور دەبێت بۆ قوتدانی شتە پیس و نەخوراوەكان و هاوكات ئارەزوویەكی سێكسیی لەڕادەبەدەر و كۆنتڕۆڵنەكراوی بۆ دروست دەبێت كە بەبێ هیچ جیاكارییەك، بەرەو هەر بوونەوەرێكی زیندوو یان تەنانەت كەلوپەلی بێگیانیش كێش دەبێت.
ئەم زیانە سامناكە دەیسەلمێنێت كە تەواوی تێگەیشتن، ترسەكان، خۆكۆنتڕۆڵكردن و رەفتارە ژیرانەكانی ئێمە، تەنیا بەستراوەتەوە بە كاركردنی دروستی چەند سانتیمەترێك لە شانەی خۆڵەمێشیی مێشكمانەوە.
هەر بۆیەش ئەگەر رۆژێك مێشكی مرۆڤ كۆنتڕۆڵی ترس و شەرم بە تەواوی لەدەست بدات، ئەوا سڵ لە هیچ شتێك ناكاتەوە و وەكو رۆبۆت مل بە هەموو شتێكەوە دەنێت بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ شتێكی باش و خراپ بكات.
وەگێڕان ، ئەرسەلان پەرۆش