مەودا میدیا-
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق ئاشکرایکرد بە سەرپەرشتی و چاودێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەمڕۆ مەراسیمی دابڕینی فەرمی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) لە دۆخی ئێستایان و تێکەڵکردنیان دامەزراوە فەرمییەکانی ئاسایشی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند “بەرپرسیارێتی ئەمنیی چیای شنگال دەگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی و ئەم رێوشوێنە بەشێکە لە سیاسەت و بەرنامەی حکومەت بۆ چەسپاندنی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، دامەزراندنی قۆناغێکی نوێی حکومڕانی ئەمنییە لە قەزای شنگال”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حکومەتی عیراق ستایشی ئەو قوربانییە بەرچاوە دەكات كە رۆڵەكانی پێکهاتە ئێزیدییەکان لە بەرگریکردن لە وڵات بە گشتیی و قەزای شنگال لە دژی هێزەکانی تیرۆر و توندڕەوی پێشكەشیان كردووە، هەروەها سوپاسی پابەندبوونیان دەکات بە پرەنسیپە نیشتمانییەکان و دەستوور کە پێکهێنانی گرووپی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارە فەرمییەکان قەدەغە دەکات”.
ئەوەشی خستەڕوو “حکومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتی تەواوی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ پاراستنی مافی ئەندامانی پێکهاتەی ئێزیدی کە دژی تیرۆر شەڕیان کرد و ئازایانە رووبەڕووی ئەجێندای تووندڕەویی بوونەوە، هەروەها حکومەت هەروا پابەندە بە پێدانی قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە”.
ب ح