مەودا میدیا-
سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا ئاشکرایکرد پڕۆسەی ئاشتی (تورکیای بێ تیرۆر) و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەردەوامە و هیچ پاشەکشەیەک لەو بابەتەدا نییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند “پرۆسەکە لە چوارچێوەیەی یاسادا بەردەوامە و بە هیچ جۆرێک سازشی لێ ناکەن، بە وردییەوە چاودێریی هەنگاوەکان دەکەن و لەوانەیە هەندێک جار بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە هەندێک لە پێشکەوتنەکان دەرنەکەون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” ئەشکەوت و بنکەکانی پەکەکە لەو دیو سنوورەکان هەنگاو بە هەنگاو چۆڵ دەکرێن و کارەکانی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەش وەک ئەوەی پلانی بۆ داڕێژراوە بەڕێوەدەچن”.
ئەوەشی خستەڕوو “دەستەیەک بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک کۆمار و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت، بە تەواوی ئاگاداری وردەکارییەکانن و سەرپەرشتیی دۆسیەکە دەکەن”.
ب ح