مەودا میدیا-
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد هەزاران ئاوارە لە کۆبانێ لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، بەدەست کەمی خۆراک، ئاوی پاکی خواردنەوە و دەرمانەوە دەناڵێنن و وەستانی فڕنەکانی شارەکەش دەبێتەهۆی قەیرانێکی سەختی خۆراک.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند “بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە کۆبانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەتایبەتی لەناو منداڵاندا، بەهۆی نەبوونی شیری منداڵان و پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” رۆژانە نەخۆشخانەی کۆبانێ پێشوازی لە زیاتر لە 500 حاڵەتی ژەهراویبوون دەکات کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتن، ئەم کەسانە تووشی رشانەوە، سکچوون و ئازاری سک بوون، هەروەها دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکە لە تەواوبوون نزیکبوونەتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەکان لە گوندەکان، لە شارەکانی تەبقە و رەققە و ئاوارەکانی کەمپی تەل سەمەن روویان لە کۆبانی کردووە و فشارێکی زۆر لەسەر ئیدارەی شارەکە دروستبووە”.
ب ح