مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد حکومەتی فیدراڵی پابەند کراوە بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی تری عیراق.
د.بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند “پێویستە حکومەتی فیدراڵ دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خۆی بەسەر هەموو سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردندا بسەپێنێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی بە دۆزینەوەی رێگەو دەروازە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە خراپ بوونی دۆخی ئابووری. بەتایبەت لەم بارودۆخە ئەمنییەی ئێستادا، کە کاریگەری لەسەر بژیوی خەڵک و مووچەی فەرمانبەرانی هەموو پارێزگاکانی عیراق دروست ئەکات”.
ئەوەشی خستەڕوو “حکومەتی فیدراڵی سیستەمی ئاسیکودا (ASYCUDA) لە هەموو پارێزگاکانی عیراق، بەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە جێبەجێ بکات، هەروەها چاکسازیی هێڵی عیراقی کە لە کەرکوکەوە بۆ رۆژاوای مووسڵ – زومار – پێشخاپور دەڕوات بە ئاراستەی بەندەری جەیهان”.
باسی لەوەشکرد ” حکومەتی فیدراڵی بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کارگە حکومییەکان و کەرتی تایبەت بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوەی پاشەکەوتی نەوت لە پاڵاوگەکاندا، و دڵنیابوون لە بەردەوامی کاری پاڵاوگەکان، و رێگریکردن لەو کەمییەی لەبەرهەمە نەوتیەکاندا روودەدات، پابەندکراوە”.
ب ح