سەیدسادق، لەنێوان مۆدێرنێتەی وێرانکەر و بونیادنانەوەی مۆدێرن

د.فەرمان حسێن دەروێش

​جینۆساید وەک بەرهەمی عەقڵی مۆدێرن:
​کاتێک باس لە ٣٨ـەمین ساڵڕۆژی جینۆسایدو خاپوورکردنی شاری سەیدسادق دەکەین، نابێت تەنها بەشێوەی عاتیفی یادی بکەینەوە، ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٨دا روویدا، تەنها وێرانکارییەکی سەرپێی نەبوو، بەڵکو بەرجەستەبوونی (دیوە تاریکەکەی مۆدێرنێتە) بوو، بەپێی تیۆرییە هاوچەرخەکانی کۆمەڵناسیی تاوان، جینۆساید تەنها کارێکی بەربەریانە نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی (مۆدێرن و ڕێکخراو) بوو کە تێیدا دەوڵەتی عێراق و ئایدۆلۆژیای بەعس، ئامێرە بیرۆکراسییەکانیان بۆ سڕینەوەی مرۆڤ و شوێن بەکارهێنا، سەیدسادق نموونەی ئەو شارەیە کە بووە قوربانیی عەقڵییەتێکی بیرۆکراسیی بکوژ کە دەیویست نەخشەی کوردستان بە ئارەزووی خۆی و لە رێگەی وێرانکارییەوە سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.

شاری ​سەیدسادق و بیرۆکراسیی مردن:
​لە ئازاری ١٩٨٨دا، حکومەتی عێراق تەنها بە چەک هێرشی نەکرد، بەڵکو لە رێگەی (بیرۆکراسییەکی سەربازیی وورد)ەوە بڕیاری سڕینەوەی سەیدسادقی دا، لێرەدا پێویستە لە چەمکی بیرۆکراسی تێبگەین، بیرۆکراسی تەنها ڕۆتینی فەرمانگەکان نییە، بەڵکو سیستەمێکی رێکخراوە کە دەسەڵات دابەش دەکات و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی وون دەکات، لە سەیدسادق وێرانکردنی شارەکە بە شێوازێکی (ئەندازیاری) ئەنجامدرا، هەر ماڵێک و هەر کۆڵانێک بە پلانێکی بیرۆکراسی پێشوەختە تەقێنرانەوە، ​ئەم بیرۆکراسییە وایکرد کە جێبەجێکارانی تاوانەکە (سەرباز و ئەفسەرەکان) وا هەست بکەن تەنها (ئەرکێکی کارگێڕی) جێبەجێ دەکەن کە لە (سەروو)ەوە بۆیان هاتووە، سوپای عێراق دوای خاپوورکردنی شارەکە هەستا بە گواستنەوەی تەواوی پاشماوەکان بۆ دەرەوەی ناوچەکە، ئەمەش هەوڵێکی سیستماتیک بوو بۆ (سڕینەوەی بەڵگە شارستانییەکان) ئامانجی ئەم بیرۆکراسییە وێرانکەرە پچڕاندنی یادەوەریی بەکۆمەڵی خەڵکی ناوچەکە بوو لەگەڵ زەوییەکەیاندا، تاوەکو مێژووی شارستانیی ئەم ناوچەیە بە یەکجاری بوەستێت.

​(تۆپۆساید) و سڕینەوەی ناسنامەی شوێن:
​ئەو تاوانەی بەرامبەر سەیدسادق ئەنجامدرا، لە زانستی جینۆسایدناسیدا بە (تۆپۆساید) (Topocide) یان (کوشتنی شوێن) ناودەبرێت، بیرۆکراسیی بەعس ودەوڵەتی عێراق تەنها جەستەی مرۆڤی نەکوشت، بەڵکو ویستی (رۆحی شوێن)یش بکوژێت کاتێک شارێک بە هەموو دامودەزگا، مزگەوت، قوتابخانە و تەنانەت گۆڕستانەکانییەوە خاپوور دەکرێت و شوێنەوارەکەشی پاک دەکرێتەوە، ئەمە لووتکەی فاشیزمی مۆدێرنە، ئەم پرۆسەیە ئامانجی بوو کە سەیدسادق لە (شوێنێکی مێژوویی)ەوە بگۆڕێت بۆ (بۆشاییەکی جوگرافی) تاوەکو نەوەکانی داهاتوو هیچ سەرەداوێکیان بۆ ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان نەمێنێتەوە.

​شکستی بیرۆکراسیی ئاوەدانکردنەوە لە سەردەمی حوکمڕانیدا:
​لێرەدا وەرچەرخانە تاڵەکە دەست پێدەکات، دوای راپەڕین و کشانەوەی دەوڵەتی عێراق، چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە (بیرۆکراسیی کوردی) و (مۆدێرنێتەی بونیادنەر) جێگەی ئەو وێرانکارییە مێژووییە بگرێتەوە، بەڵام جێگەی داخە لە سێ دەیەی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە ستراتیژێکی مۆدێرن بۆ بوژاندنەوەی سەیدسادق پەیڕەو بکات، بیرۆکراسیی کارگێڕیی هەرێم کە دەبوو ببێتە بزوێنەری ئاوەدانکردنەوە، لە زۆر وێستگەدا بووەتە (بەربەستێکی چەقبەستوو) ئەو رۆتینە بکوژەی لە فەرمانگەکانداهەیە، وایکردووە کە سەیدسادق وەک هەر قەزایەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەک شارێک کە قوربانی جینۆسایدێکی سیستماتیک بووە، غەدری مێژوویی لە سەیدسادق تەنها لە ساڵی ١٩٨٨دا کۆتایی نەهات، بەڵکو لەناو ئەو رێسا و یاسا بیرۆکراسییە سستەدا بەردەوامە کە نەیتوانیوە ئیستحقاقی جینۆساید وەربگێڕێتە سەر پڕۆژەی ژێرخانی مۆدێرن.

​ئاسۆیەکی نوێ: بەرەو مۆدێرنێتەیەکی بونیادنەر
​خۆشبەختانە لەم دواییانەدا پێویستیی گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە دیدگای حوکمڕانی بەرامبەر بە سەیدسادق بووەتە باسێکی جددی لە ناوەندەکانی بڕیاردا، بەڵام پێویستە (ستراتیژێکی نوێی مۆدێرن) پەیڕەو بکرێت کە لۆژیکی بیرۆکراسی لە (پەکخستن)ەوە بگۆڕێت بۆ (خزمەتکردن) بونیادنانەوەی سەیدسادق بە شێوازێکی زانستی، تەنها ئەرکێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو (بەرگرییەکی کولتووری و سیاسییە) بۆ پاراستنی ناسنامەی شارەزوورو ناوچەکە بەگشتی، دەبێت ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز هەبێت بەستراتیژێکی نوێ بۆ خزمەت وئاوەدانکردنەوەو بوژاندنەوەی ئەوناوچانەی حکومەتی عێراق و مۆدێرنێتەی وێرانکەری بەعس جێی هێشتبوون، ئەمەش تەنها بە (شۆڕشێکی کارگێڕی) و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکان دەبێت.

​بەغدا و بەرپرسیارێتیی میراتگری یاسایی:
​لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، دەوڵەتی عێراقی ئێستا (میراتگری یاسایی) ئەو سیستەمە بیرۆکراسییە وێرانکەرەیە کە جینۆسایدی سەیدسادقی ئەنجامدا، هەر بۆیە ئەرکی ئەخلاقی و یاسایی حکومەتی فیدراڵە کە قەرەبووی ئەم ناوچەیە بکاتەوە، بیرۆکراسیی بەغدا نابێت ببێتە رێگر لەبەردەم مافە یاساییەکانی زیانلێکەوتووان، پێویستە سەرۆک کۆمار و نوێنەرانی کورد لە بەغدا ئەم کەیسە لە چوارچێوەی یادکردنەوەی ساڵانە دەربهێنن و بیکەنە فشارێکی یاسایی بۆ ناچارکردنی بەغدا بە تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی سەیدسادق، بێدەنگیی فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئاست ئەم مافە، بەردەوامیدانە بەو غەدرە مێژووییەی کە لە ١٩٨٨ـەوە دەستی پێکردووە.

​دەرەنجام و نەخشەڕێگای بونیادنانەوە:
​بۆ ئەوەی سەیدسادق لە (تاقیگەی جینۆساید)ەوە ببێتە (نموونەی مۆدێرنێتە) پێویستە کار لەسەر ئەم خاڵە ستراتیژییانە بکرێت:
١ـ چاکسازی لە سیستەمی کارگێڕی ناوخۆیی: دامەزراوە حکومییەکان دەبێت ببنە هاوبەشێکی کارا بۆ خێراکردنی پڕۆژەکان و بڕینی زنجیرە کارگێڕیە بێسوودەکان کە تەنها کات دەکوژن.
٢ـ ستراتیژی ئابووریی جێگرەوە: سەیدسادق پێویستی بە ناوچەی پیشەسازی و وەبەرهێنانی کشتوکاڵیی مۆدێرن هەیە تاوەکو ببێتە چەقی بژێوی و ئاسایشی خۆراک بۆ هەموو دەشتی شارەزوورو تەواوی ناوچەکە بەگشتی.
٣ـ دۆکیۆمێنتکردنی جینۆسایدی شارستانی: پێویستە توێژەران و ناوەندە ئەکادیمییەکان کار بکەن بۆ ناساندنی خاپوورکردنی سەیدسادق وەک نموونەیەکی “
(جینۆسایدی مۆدێرن) لەسەر ئاستی جیهان، تاوەکو ئەم ئەزموونە ببێتە وانەیەک بۆ ڕێگری لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

​پەیامێک بۆ ویژدانی حوکمڕانی:
​سەیدسادق تەنها شارێکی خاپوورکراو نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ویژدانی حوکمڕانییە لە کوردستانی دوای ڕاپەڕیندا، کاتی ئەوە هاتووە کە لۆژیکی (پەراوێزخستن) جێگەی خۆی بۆ لۆژیکی (بونیادنانەوەی ستراتیژی) چۆڵ بکات، ئەم شارە کە بە خوێنی رۆڵەکانی رووبەڕووی مۆدێرنێتەی وێرانکەری بەعس و دەوڵەتی عێراق بووەوە، ئێستا شایستەی ئەوەیە بەرهەمی مۆدێرنێتەی بونیادنەری دەسەڵاتی نیشتمانی بچنێتەوە، گێڕانەوەی ژیان و شکۆ بۆ سەیدسادق، گێڕانەوەی شکۆیە بۆ هەموو ئەو بەهایانەی کە گەلەکەمان لەپێناودا قوربانی داوە.

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان