مەودا میدیا-
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عیراق لە بەرانبەر هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بێدەنگن و دەبێت بەغدا لە راگرتنی هێرشەکان ئاگاداربکرێتەوە.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند “کورد نەیتوانی دەرفەت لە رووخانی رژێمی عیراق وەربگرێت و چووە بەغدا و دەوڵەتی نوێی عیراقی بنیادنا”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دەرفەتێکی باش بۆ کورد هاتووەتەپێس تاوەکو ناوچە دابڕێندراوەکان ئازاد بکاتەوە و دانانی چەکیش لە هەر پارچەیەکی کوردستا لێدانی بزمارە لە تابووتی کورد”.
ئەوەشی خستەڕوو “تاوەکو ئێستا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کارێکی ژیرانەی کردووە بەڵام سەرئەنجام خۆی هەڵناوەشێنێتەوە و وەک هێزێکی چەکدار دەمێنێتەوە”.
باسی لەوەشکرد “تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عیراق نەتوانراوە حکومەت و پەرلەمان پێکبهێنن لە کاتێکدا ئێران دوای کوژرانی دەیان بەرپرس شوێنەکانیانی پڕکردەوە.
وتیشی “بە ئۆنڵاینکردنی خوێندن لە هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی گەورەیە و لە ئێران شەڕە لێرە مووچە و سووتەمەنی و پێداویستییەکانی ژیان نەماوە”.
ب ح