مەودا میدیا-
دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێرش كرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە سعودیە و ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كرا، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رەتیكردەوە ئەوان هێرشەكەیان ئەنجامدابێت.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوەكەیدا جگە لەوەی كە بێئاگایی خۆی لە هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ریازی پایتەختی سعودیە دووپات كردووەتەوە، هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كردووە” هێرشەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە و ئامانجەكەش تەنها دروستكردنی پشێوی و ئاژاوەیە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە”بە هیچ شێوەیەك ئەم رووداوە پەیوەندی بە هێزە چەكدارەكانی ئێرانەوە نییە”.
باسی لەوەشكردووە” ئێران پێشتر هۆشداریی پێویستی بە وڵاتانی دراوسێ داوە سەبارەت بە ئاژاوەگێڕی ئیسرائیل لە ناوچەكە و جارێكیتریش دووبارەی دەكەنەوە كە زۆر گرنگە وڵاتانی ناوچەكە ئاگاداری ئەو پلانە ئاژاوەگێڕییانە بن كە ئەمەریكا و ئیسرائیل جێبەجێیدەكەن بۆ تێكدانی ئارامی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”.
ئ پ