وەزیری پێشمەرگە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

مەودا میدیا-
دوای هێرشە درۆنییەكەی شەوی رابردوو لە گوندی زەرگەزەوی لە سنوری شاری هەولێر كە تیایدا پێشمەرگەیەك و هاوسەرەكەی شەهید بوون، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە”.

لە راگەیەنراوەكەدا وەزیری پێشمەرگە بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكە دەكات و دەڵێت” بەئامانجگرتنی خەڵكی سڤیل و پێشێلكردنی شكۆی سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان و عیراق؛ هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە”.

دەقی راگەیەنراوەكەی وەزیری پێشمەرگە:

راگەیێندراوێك لە وەزیری پێشمەرگەوە
بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی ئەمشەو كە لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە كرایە سەر گوندی (زەرگەزەوی) لە سنووری شاری هەولێر دەكەین، بەداخەوە ئەم پەلامارە دڕەندانەیە بووە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەكی قارەمان بە ناوی (مووسا ئەنوەر رەسووڵ) و هاوژینەكەی.

بەئامانجگرتنی خەڵكی سڤیل و بەزاندنی هەموو سنوورە یاسایی و مرۆییەكان و پێشێلكردنی شكۆی سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان و عیراق، هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە.
دووپاتی دەكەینەوە گیانی هاوڵاتییان و سەروەریی خاكەكەمان هێڵی سوورە، داوا لە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هەڵوێستی كردەییان هەبێت و لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگ نەبن.
بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی شەهیدەكان دەكەین و نەمری بۆ شەهیدە سەربەرزەكانمان.

شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
نیسانی ٢٠٢٦
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان