دەست بە دابەشکردنی زەوی دەکرێت

مەودا میدیا-

شارەوانی گەرمک لیستێک لە ناوی فەرمانبەران و خانەنشینانی سنوورەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکرد رۆژی دووشەممە (2026/4/27) کاتژمێر (8:30)ى سەرلەبەیانى لە بینای سەرۆکایەتی شارەوانی گەرمک دەست بە قۆناغى یەکەمى دابەشکردنى زەوى بەسەر ئەو فەرمانبەران و خانەنشینانەدا دەکرێت کە ناویان لە لیستەکەدا هاتووە.

سەرۆکایەتیی شارەوانی گەرمک رایگەیاند “دابەشکردنەکە بەپێى خاڵبەندییە و لەم قۆناغەدا لەخاڵی (48)ەوە بۆخاڵی (27) زەوی وەردەگرن، پرۆسەکەش کە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحیە و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیەکانی سلێمانی بەڕێوەدەچێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەر فەرمانبەر و خانەنشینێک رەخنەی لەشێوازی خاڵبەندیەکە هەبێت دەتوانێت پێش دابەشکردنەکە سەردانی شارەوانییان بکات بەمەستی وردبینیکردنی فەرمانی زەویەکەی لەکاتێکدا شارەوانییان لە رێگەی لیژنەیەکەوە وردبینی تەواوی بۆ فەرمانەکان کردووە و بەشێوەیەکی زۆر روون و دادپەروەرانە”.

ئەوەشی خستەڕوو ” ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی کە لە قۆناغی یەکەمدا زەوییان پێ نادرێت دڵنیایان دەکەنەوە کە لە نزیکترین کاتدا دەست دەکەنەوە بە دابەشکردنی زەوی وەکو قۆناغی دووەم و کۆتایی، ئەوەش دوای قەرەبوکردنەوەی جووتیاران کە لەئێستادا نووسراوی قەرەبووکردنەوەکەیان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆیە سەرجەم ئەو فەرمانبەران و خانەنشیانە دەچنە قۆناغی دووەم و زەوی وەردەگرن و کەس بێبەش نابێت”.

سەرۆکایەتیی شارەوانی گەرمک بەمشێوەیە پرۆسەکەی بۆ فەرمانبەران و خانەنشیانی سنوورەکەی روونکردووەتەوە”:

1- ئەو فەرمانبەرانەی کە خاڵەکانیان (27) خاڵە لەم لیستەدا بەشێوەی تیروپشک یەک فەرمانیان لادەبرێت لەبەرئەوەی ژمارەی زەویەکانمان (65)پارچەیە نەک (66)پارچە.
2- پێویستە فەرمانبەر یاخود خانەنشین (کارتی نیشتیمانی وکارتی زانیاری ) پێبێت و خۆی لەکاتی تیروپشکەکە ئامادەبێت.
3- ئەوفەرمانبەرو خانەنشینانە کەدوای پڕکردنەوەی فۆڕمی زەوی وەفاتیان کردوە پێویستە وارسەکەی (شەهادە وەفات و کارتی زانیاری وکارتی نیشتمانی) پێبێت.
4- سەرجەم ڕاگەیاندنکاران بانگهێشت دەکەین بۆ کاتی دابەشکردنەکە و پڕۆسەکە بەشێوەیەکى شەفاف بەڕێوەدەچێت.
5- نوێنەری هەر وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتییەک بیەوێت لەکاتی تیروپشکەکە ئامادەبێت و چاودێری پڕۆسەکە بکات بەخۆشحاڵیەوە بانگهیشتیان دەکەین.
6- ئەو فەرمانبەرو خانەنشینانە کە بە تیروپشک زەویەکەیان بۆ دەردەچێت ناتوانن کڕین و فرۆشتنی پێوە بکەن تا ئەو کاتەی تۆماردەکرێت بەناویانەوە.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان