خالد سلێمان
دۆناڵد ترەمپ، وەک داگیرکەريکی سپی پێستی سەدەکانی هەژدە و نۆزدە تەماشای دنیا دەکات و هیچی تر. داگیرکەرێک دەست بەسەر زەوی، موڵک و ماڵی ئەوانی تردا دەگرێت و دەبێ لەلایەن داگیرکراوەوە سوپاسیش بکرێت بۆ داگیرکارییەکەی. ئەم میراتەشی لە باپیرە گەورەی (فێرێدریک ترەمپ)ەوە بۆ ماوەتەوە کە کاتێک لە چارەکی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا ئەڵمانیا بەجێ دەهێڵێت و هۆتێل و چیشتخانە و تەنانەت بازرگانیی لەشفرۆشیش لەنێوان کەنەدا و ئەمەریکا، دەرگای دەوڵەمەندبوونی بەسەردا دەکاتەوە.
ترەمپ، میراتی کولتوورێکی راستڕەوی فاشیستانەیە کە هەموو ئەوانی تر بە کەمتر دەزانێت و وەک خزمەتکار تەماشایان دەکات. دنیا بە موڵکی خۆی دەزانێت و چۆنی بووێت ئاوەها بکات. رۆژێک داوای کەنەدا دەکات و رۆژی دواتر داوای ڤەنزوێلا، رۆژێک چاو دەبڕێتە کەنداوی مەکسیک و رۆژی دواتر کەناڵی پەنەما، بەردەوامیش چاوی لە داگیرکردنی دوورگەی گرینلاندە. ئەو تەنانەت دەیویست دوو ملیۆن دانیشتوانی غەززە دەربکات و شوێنەکەیان بکاتە هۆتێل و شوێنی گەشتوگوزار.
ترەمپ، بەردەوام لایەنگر و دۆستی سوڵتان و دایکتاتۆر و ستەمکارەکانەو چاوی بە زوڵملێکراواندا هەڵنایەت. ئەگەریش بە رێکەوت باسی خەڵکانی ستەملێکراو بکات، ئەوا وەک (کوڕانی شانازیی) تەماشایان دەکات. کوڕانی شانازیش یان Proud Boys ئەو گروپە راستڕەوە فاشیستەی ئەمەریکایە کە ئەندامەکانی تەنها لە پیاوان پێکدێن و هەموو جۆرێکی توندوتیژی بۆ پارێزگاری لە بەهاکانی رۆژئاوا بەکاردەهێنن.
بۆیە نابێت ئێمەی کورد چاوەڕوانی لەوە زیاتر لە دۆناڵد ترەمپ بکەین کە رۆژێک وەک دز تەماشان دەکات و رۆژێک وەک شەڕکەرێکی باش. لە دۆناڵد ترەمپ زیاتر، چی سەرۆکێکی دنیا هەیە لەبەردەم کامێراکانی دنیادا ناوی میللەتێک بخاتە فەرهەنگی دزییەوە؟ چی ئەخلاقێکی سیاسی لە مێژوودا هەیە دەست لە میللەتێک هەڵدەگرێت کە لە شەڕی داعشدا بەرگریی لە هەموو جیهان کرد، کەچی لە کۆتاییدا (شەڕڤانە) ئازاکە دەکاتە ژێردەستەی یەکێک لە رەمزەکانی توندڕەوی و داعشیزم لە سوریا و عیراق؟ ئەمانە تەنها لە دۆناڵد ترەمپ دەوەشنەوە، چونکە وەک کوڕانی شانازیی تەماشای کوردان دەکات؛ بەڵام ئێمە Proud Boys نین و نابین.
خ.غ