ئاسایش سێ بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیرکرد

مەودا میدیا-

​دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە لە دوو چالاکیی جیاوازدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی فیدراڵ، سێ بازرگانی بیانیی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردوە و دەستیشیان بەسەر 12 کیلۆگرام ماریوانادا گرتووە.

​دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند “لە چالاکیی یەکەمدا کە لە 2026/5/21، ئەنجامدراوە، دوای بەدواداچوونی ورد، تۆمەتبارێکی بیانی لە شاری سلێمانی دەستگیر کراوە کە پێنج کیلۆ و 200 گرام ماریوانەی پێبووە، و لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیشدا دەرکەوتووە کە بڕی پێنج کیلۆ و 500 گرامی تری لە ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی حاجی ئۆمەران شاردووەتەوە، کە دەستبەجێ دوای پەیوەندیکردن بە ئاسایشی هەولێرەوە دەست بەسەر ئەو بڕە شاراوەیەدا گیراوە و کۆی گشتیی بارەکەی گەیشتووەتە 10کیلۆ و 700 گرام”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “​لە بە چالاکیی دووەمیشدا، هەر لە هەمان رۆژدا هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دوو تۆمەتباری تری بیانییان دەستگیرکردووە کە بڕی یەک کیلۆ و 300 گرام ماریوانایان پێ بووە و بەنیاز بوون بازرگانیی پێوە بکەن”.

ئەوەشی خستەڕوو “لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان بەپێی ماددەی (25) لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون، و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاساییان بۆ کراوەتەوە و دۆسییەکانیان لەژێر لێکۆڵینەوەی چڕدایە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان