مەودا میدیا-
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە فرۆشتنی دەرمان بە رێگەی ئۆنڵاین هۆشداریی دەداتە هاوڵاتییان و هەموو ئەو کەسانەی بەناوی کێش دابەزاندن و جوانکارییەوە دەرمان دەفرۆشن.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند “مامەڵەکردن و فرۆشتنی دەرمان لە رێگەی ئۆنڵاینەوە بە تەواوی نایاساییە و رێکاری تووندی یاسایی لە بەرانبەر هەر کەس و لایەنێک دەگرنەبەر و جگە لە دەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکان، هیچ شوێنێکی تر بۆی نییە دەرمان بە نەخۆش بدات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “داوا لە هاوڵاتییان دەکەن، لەپێناو سەلامەتیی تەندروستیی خۆیان و خێزانەکانیان، بە هیچ شێوەیەک پشت بەو ریکلام و پلاتفۆرمانە نەبەستن چونکە جێگەی متمانە نین، بە تایبەت ئەو دەرمانانەی بۆ دابەزاندنی کێش یان قەڵەبوون بەکاردەهێندرێن”.
ئەوەشی خستەڕوو “دەرمانی خۆلاوازکردن (کێش دابەزاندن) زۆربەیان ماددەی کیمیایی قەدەغەکراو یان بڕێکی زۆر لە کافایین و هاندەرە تووندەکان لەخۆ دەگرن، ئەمەش دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری پەستانی خوێن، تێکچوونی لێدانی دڵ، جەڵتەی دڵ و مێشک، هەروەها تێکشکانی خانەکانی جگەر و گورچیلە”.
ب ح