مەودا میدیا-
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ئشکرایکرد لیژنەکەیان پشتگیریی خۆی بۆ بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان دووپاتکردووەتەوە و ئاشکرایکرد هەوڵدەدەن لە چوارچێوەی بودجەی 2027دا رێژەی دامەزراندن زیاد بکەن.
غوفران شەمەری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “ئەو رێکارەی حکومەت بۆ بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان پەیڕەویکردووە، وردەکارییەکەی تاوەكو ئێستا نەگەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵام ئەوان پشتیوانی بە هەمیشەییكردنی هەموو گرێبەستەكان دەكەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە سەرەتادا باس لە دامەزراندنی 100 هەزار کەس کرابوو، لە کاتێکدا عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بە 120 هەزار داوە ئەوەش بە گرێبەست، بەڵام هێشتا وردەکاریی تەرخانکراوە داراییەکان نەگەیشتووە”.
ئەوەشی خستەڕوو “لیژنەی دارایی ناتوانێت ژمارەی راستەقینە یان مەزەندەکراو رابگەیەنێت تاوەکو ئەو کاتەی وردەکارییەکانی بودجە دەگاتە دەستیان، هەروەها جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی دەرچووانی پێشوو، خاوەن بڕوانامە بەرزەکان و پسپۆڕییە پێویستەکان دەکاتەوە و هەوڵدەدات ئەگەر تەرخانکراوە داراییەکان رێگە بدەن، ژمارەی دامەزراندنەکان زیاد بکات”.
ب ح